باڵی سیاسیی هەسەدە: یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزین

 باڵی سیاسیی هەسەدە: یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزین
هاوسەرۆکی باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کە ئەوان یەکپارچەیی خاکی سووریا دەپارێزن.

ریاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی (مەسەدە)ی باڵی سیاسیی هەسەدە رايگەیاند، هێزە عەرەبییەکان، کە پلان هەیە بنێردرێنە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، لەژێر فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەبن.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ”بەم نزیکانە“ هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکێشێتەوە، ریاز دەرار بە دووری زانیوە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنەوە، چونکە ئەمریکا هێشتا بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، کە بریتین لە ”کۆتایی هێنان بە داعش و رێگری لە زیادبوونی هەژموونی ئێران لە سووریا“.

هاوسەرۆکی مەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان و هەسەدە کار بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و رایگەیاندووە، ”ئێمە دژی دابەشکردنی خاکی سووریاین“.

ریاز دەرار هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەوان ئەو ناوچانەی داعش داگیری کردبوون رزگار دەکەنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ ”سووریای یەکگرتوو“.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـەوە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان.

لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەک و چەکدارە شیعەکان پاڵپشتیی رژێمی سووریا و پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە)ی باڵی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.










باسنيوز
Top