سبەی بەشێک لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێت

سبەی بەشێک لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێت


بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە سبەیەوە بڕە پارەیەكی جوتیاران لە هەولێر دابەش دەكرێت.


نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2017 هاتووە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو بەسەر جووتیاراندا دابەشدەكرێت".


ئاشكراشی كرد، سبەی دووشەممە 30ی نیسان دەست دەكرێت بە دابەشكردنی 11 ملیار و 661 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر، گوتیشی: "دوای ئەوەی چەكەكانیان پێ دەدرێت لە بانكی قەڵا لە هەولێر پارەكە دابەش دەكرێت كە دوو رۆژ دەخایەنێت".


ئەو پارەیە هی شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێرە بۆ ساڵی 2017، کە پێشووتر شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک ڕەوانە کرابوو.


بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆساڵی 2016 كە بڕەكەی 30 ملیار دینارە دەگات و پاشان جوتیاران ئاگادار دەكەنەوە بۆ وەرگرتنی پارەكانیان.


بەپێی داتا و ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا نزیكی 650 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزارە.

bas news-
Top