گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی بەرھەم ساڵح بۆ قوباد تاڵەبانی: کاتی وەڵامدانەوەی قسەڵۆکمان نییە
پاش ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 28/4/2018، قوباد تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشی کردە سەر بەرهەم ساڵح و بەوە تۆمەتباری کرد کە تا پارە هەبوو، لەنێو یەکێتیدا بوو و دوای ئەوەی پارە نەما، لە یەکێتی جیابووەتەوە. د. ڕێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکات، ڕايگەیاند: ”ئێمە تاقەتی وەڵامدانەوەی قسە و قسەڵۆکمان نییە و ھەر کاتیشمان بۆ ئەوە نییە“.
لەبارەی بوون و نەبوونی پارەشەوە ڕوونی کردەوە: ”پارە دەبێ پارەی حکوومەت و خەڵک بێ، بۆ دەبێ پارە لەلای حزب بێ؟ ئەگەر پارەش لەلای حزب بێ، نابێ پارەی حکوومەت بێت، چونکە نابێ حزب داھاتی میللەت ببات“.
لەبارەی ئەو قسانەی کە قوباد تاڵەبانی دەڵێت ”بەرھەم ساڵح دوو جار سەرۆک وەزیران بووە و پارە ھەبووە، بەڵام چاکسازی نەکردووە“، گوتەبێژەکەی ئەو هاوپەیمانییەی بەرھەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکات، ڕای گەیاند: ”ئێمە شتی شەخسیمان نییە و خەڵکی کوردستانیش دەزانن کێ ئیشی کردووە و کێ قەیرانی دروست کردووە“.
باسنيوز
