کاندیدێکی پارتی: چەند لایەنێك هاووڵاتیان بە كێشە لاوەكییەكانەوە سەرقاڵ دەكەن

 کاندیدێکی پارتی: چەند لایەنێك هاووڵاتیان بە كێشە لاوەكییەكانەوە سەرقاڵ دەكەن
پاڵێواراوێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، چەند لایەنێك بە پلانێكی دەرەكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە كێشە لاوەکییەكانەوە سەرقاڵ دەكەن، جەختیش دەكاتەوە، بەكارهێنانی زمانی زبر، نیشانەی لاوازییە.

كرمانج عیزەت، كاندیدی ژمارە 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا رای دەگەیەنێت بەشێك لە لایەن سیاسییەكان، بە پلانی دەركی خەریكی سەرقاڵكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانن بە كێشە لاوەکییەكانەوە.

ئەو کاندیدە گوتیشی: "بەشێك لە كاندید و لایەنەكان كار لەسەر شكاندنی یەكتر دەكەن، كە ئەمەش بە بۆچوونی من "نیشانەی لاوازیی خۆیانە لەو پرۆسە گرنگەدا، چونکە پەرلەمانتاری پێویستی بە كارایی، لێهاتوویی و شارەزایی سیاسییە".

ئەو پاڵێوراوەی پارتی باس لەوەش دەكات: "كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدایە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەش بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، نەك پەرلەمانی كوردستان، بۆیە پێویستە كاندید و لایەنە سیاسییەكان بەردەوام ئەمەیان لەبەرچاو بێت و ئێمە وەكوو پاڵێوراونی پارتی كار لەسەر ئەمە دەیكەن".

کرمانج عیزەت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "پارتی دیموكراتی كوردستان، قورسایی خۆی خستووەتە سەر كێشە نەتەوەییەكان و بانگەشەی هەڵبژاردنیش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەكات، بۆیە زۆر گرنگە هاووڵاتیان لەسەر ئەم بنەمایە كاندید و قەوارەكان دیاری بكەن و كاندیدێك كە زمانی زبر بەكار نەهێنێ،‌ پەیامێكی نەتەوەیی پێیە، نەك حزبی".













باسنیوز
Top