ھەڵسووڕاوێکی پێشووی بزووتنەوەکە: گۆڕان لە ئاستی متمانەی دەنگدەراندا نییە
بەختیار سدیق، ھەڵسووڕاوی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "پێشتر خەڵکێکی زۆر دەنگی بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە لە ئاست خواست و داواکارییەکانی دەنگدەرانیدا نەبووە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە ٩ ساڵ، کاری بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە و تەنانەت ”خانووەکەشم بەھۆی گۆڕانەوە ڕووخێندراوە“، بەڵام ”ئەمجارە ئامادە نیم بانگەشە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بکەم و دەنگیشی پێ نادەم، چونکە متمانەم بە بزووتنەوەی گۆڕان و ھیچ پارت و لایەنێکی سیاسی نەماوە".
بەختیار سدیق ئاماژەی بەوە کرد کە "پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەوەندەی شەڕ بۆ پارە دەکەن، بڕۆن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆر وەربگرن، ئەوەندە خەمی ئەوەیان نییە خزمەتی خەڵکی بکەن، بۆیە ئەگەر مووچەی پەرلەمانتارێک ھاوتای مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ھیچ کەسێک نابێتە پەرلەمانتار، چونکە ھەمووی بۆ ئەو پارە زەبەلاحە دەبێتە پەرلەمانتاری کوردستان و عێراق".
ئەو ھەڵسووڕاوەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەش کرد: "پەرلەمانتارەکانی گۆڕانیش تووشی گەندەڵی بوون، چونکە ئەوانیش تمووحی پارەیان ھەیە، بێگومان ھیچیان وەک ھاووڵاتییەکی سادە ناژین، ئەگەر ئارامی شێخ محەمەد، یان سروە عەبدولواحید، ھاتە ناو بازاڕ زانی ھەشت نانی بازاڕی و ئەمپێرێکی مۆلیدە یان ئەگەر زانیان پشکنینێکی سۆنەر بە چەندە؟ ئەوکاتە دەڵێم ئەمانە کەسانی دڵسۆزن و ئاگاداری بارودۆخی ھاووڵاتیانن، بەڵام بەداخەوە ئەمانە ھیچیان وەک خەڵکی ئاسایی ناژین".
باسنیوز
