پاش وتەکەی مەسرور بارزانی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بڕیارێکی یەکێتی دەشکێنن
ڕۆژی پێنجشەممە 26/4/2018، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کەمپینی پاڵپشتیی قوتابیان و لاوان بۆ لیستی پارتی، باسی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری هەندێک کەس و لایەن کرد کە بووە هۆی ئەوەی، نەتواندرێت ئەنجامی ڕیفراندۆم جێبەجێ بکرێت، بەڵام ناوی هیچ یەکێک لەو کەس و لایەنە خیانەتکارانەی نەهێنا.
لە بەرامبەردا، ماوەی دوو ڕۆژە میدیاکانی سەر بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی ئەم قسانەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەدەنەوە. لە کاتێکدا پێشتر حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە دیدارێکیدا ئاشکرای کردووە کە بە بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی، هێرش ناکەنە سەر هیچ حزبێکی کوردستان و بە ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.
پێشتریش لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر دیدارێکی تەلەڤزیۆنیی مەسرور بارزانیدا، میدیاکانی سەر بە لاهور جەنگی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەبێ ئەوەی ناویان هێندرابێت، هاتنە دەنگ و بەرگرییان لەو خیانەتە کرد. لە بەرامبەردا عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕای گەیاند، باسی خیانەتی جەنگی دووەمی جیهانیش بکرێت، ”لاهوور جەنگی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەخۆیان تێدەگەن“.
باسنيوز
