ئاراس جەنگی: پارتی نیەتی باش نیە و وازی لە سەربەخۆیی نەهێناوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاراس جەنگی برازای مام جەلال و برای لاهور جەنگی بەرپرسی دژەتیرۆری یەكێتی، حكوومەتی عێراق لە هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هێنانەدی سەربەخۆیی كوردستان ئاگەدار دەكاتەوە.
ئاراس كە لە ساڵی رابردووەوە، بەتایبەتیش لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بەردەوام و بەئاشكرا دژایەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمڕۆ پەیامێكی بۆ حكوومەتی عێراق ناردووە، گوایە بەغدا لە هەوڵەكان پارتی بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و دابەشكردنی عێراق ئاگەدار دەكاتەوە.
كادیرەكەی یەكێتی، كە پێشتر لە سكرتاریەتی مام جەلال كاری كردووە، ئەمڕۆ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە پۆستێكدا هاوشێوەی ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، حكوومەتی عێراقی لە سووربوونی پارتی لەسەر هەوڵی بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئاگەدار كردووەتەوە.
لە پۆستەكەی ئاراسدا هاتووە "پێویستە حكوومەتی عێراق ئاگەدار بێت، هەر وەکو هەردوو بەڕێزان ئاڵا تاڵەبانی و مەحمود ڕەزا ئاماژەیان پێدا، پارتی نیەتێکی باشی بەرامبەر حکوومەتی عێراق نیە و ئێستەش بەردەوامە له هەوڵی جوداخوازی و دابەشکردنی عێراق".
هەروەها نووسیویەتی "ئەوەی بینیمان بە ڕیفراندۆمە نەخەمڵێندراوەکەیان، میللەتەکەمانیان تووشی نەهامەتی کرد و هەوڵەکانیان بۆ پارچەکردنی عێراق شکستی هێنا، بەڵام ئەوەی بەچاو دەبیندرێ ئەوەیە کە پارتی نیەتێکی باشی نیە و ئێستەش کار لەسەر پیلانەکانی پێشووی دەکات".
جێی باسە ئەم پەیجەی ئاراس جەنگی زیاتر لە 21 هەزار ڵایەكی هەیە و بەردەوام یەكێتییەكانی لایەنگری خۆی و لاهور جەنگی برای، لەوێوە پشتیوانی بۆ هەڵوێستەكانیان لە عێراقچیەتی و دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئاراس جەنگی پێشتر گوتبووی من فەیسبووكم نیە، ئەگەرچی ئەم وتانەی لەم هەژمارەدا بڵاویان دەكاتەوە، رەنگدانەوەی هەمان ئاراستەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرن و قسەكانی ئەو كاتیانە، كە بۆ میدیا كوردییەكانی لایەنگری خیانەتەكە و میدیا عێراقییەكان دەیانخستەڕوو.
bas news-
