شەش پارت و کۆمەڵەی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 184ى پارتی ڕاگەیاند

شەش پارت و کۆمەڵەی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 184ى پارتی ڕاگەیاند
شەش پارت و کۆمەڵەی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی 184ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ڕۆژى 12ى ئایارى مانگى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕاگەیاند و، جێگرى سه‌رۆكى حزبى پارتى چاكسازىی توركمانیش ده‌ڵێت: مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان له‌ ناو به‌رنامه‌ى پارتیدایه،‌ بۆیه‌ ده‌نگ به‌ لیستى 184 ده‌ده‌ن .

هەریەک لە پارتی چاکسازیی تورکمانی، پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، پارتی ڕزگاریی نەتەوەییی تورکمانی، پارتی دیموکراتی تورکمان، کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی تورکمانی و کۆمەڵەی لیبراڵی تورکمانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا كه‌ وێنه‌یه‌كیان داوه‌ به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستان، ڕایانگەیاندووە: هه‌رێمى كوردستان جێگاى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیانه‌ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان، له‌ هه‌مان كاتدا دوژمنان و ناحه‌زانى گه‌لى كوردستان به‌رده‌وام بوون له‌ هه‌وڵى پیڵانداڕشتن بۆ تێكدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ى نێوان پێكهاته‌ى كورد و توركمان و‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق هه‌وڵى دوورخستنه‌وه‌ و بێبه‌شكردنى نه‌ته‌وه‌ى توركمانیان له‌ گشت مافه‌ ڕه‌واكانى خۆى له‌ عێراق داوە، تاوه‌كو ڕاپه‌رینى ئادارى 1991 كه‌ نه‌خشه‌ى سیاسى و جوگرافیی عێراق گۆرانكارى به‌سه‌ردا هات، پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێكهاته‌ى توركمان توانى به‌شدار بێت له‌ پرۆسه‌ى سیاسیی هه‌رێمى كوردستان و، گه‌یشتن به‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى خۆى له‌ گشت جومگه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سایه‌ى سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى هه‌رێمى كوردستان و سه‌قامگیریى ئه‌من و ئاسایش كه‌ تێیدا ماف و ئازادییه‌كانى هاووڵاتى و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان پارێزراوه.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: پاش ڕووخانى ڕژێمى به‌عس له‌ عێراق و دارشتنى ڕه‌شنووسى ده‌ستوورێكى نوێ له‌ عێراق كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ مافه‌كانى گشت نه‌ته‌وه‌كان، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى پێداگریی لەسەر‌ چه‌سپاندنى مافى نه‌ته‌وه‌ییى توركمان له‌ ده‌ستوورى عێراقدا کرد، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى توركمان له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕێزگرتن له‌ پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌ى كورد و توركمان بریارمان دا ده‌نگ به‌ لیستى (184)ى پارتى دیموكراتى كوردستان بده‌ین و داوا له‌ جه‌ماوه‌رى به‌شه‌ره‌فى توركمان ده‌كه‌ین ده‌نگ به‌م لیسته‌ بده‌ن، چونكه‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان له‌ به‌رنامه‌ى ئه‌م لیسته‌دا پارێزراوه‌ ‌ .

له‌باره‌ى ئه‌و پشتیوانییە، جێگرى سه‌رۆكى حزبى پارتى چاكسازیى توركمانى، مونا قه‌هوه‌چى، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه کە‌ پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووین لیستێكى كوردستانى هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ ئه‌وه‌ دروست نه‌بوو چاوه‌ڕێمان كرد لیستێكى توركمانى سه‌ربه‌خۆى بێلایه‌ن دروست بكرێت كه‌ نوێنه‌ر و كاندیدى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ توركمانییه‌كانی تێدا بیت، ئه‌وه‌ش نه‌كرا، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ ده‌نگى خۆمان ده‌ده‌ین به‌ لیستێك كه‌ پێكه‌وه‌ژیان بپارێزیت و ڕێز له‌ ته‌واوى پێكهاته‌كان بگرێت، ئێمه‌ش هاوپه‌یمانى پارتى دیموكراتى كوردستان بووینه و‌ له‌ گشت پرۆسه‌ نیشتمانى و سیاسییه‌كانىشیدا ئه‌م حزبه‌ش پێداگرى كردووه‌ له‌ مافى توركمانه‌كان، ‌به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌نگ به‌ لیستى 184ى پارتى ده‌ده‌ین."

قه‌هوه‌چى ڕایشیگه‌یاند: "لیستى 184ی پارتى، لیستى پێكه‌وه‌ژیان و شه‌هیدان و ڕیفراندۆم و لیستى به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانمانه‌ و ڕێز له‌ بۆچوونى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌گرێت، به‌رنامه‌كه‌یشى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌گونجێ، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌نگى پێ بده‌ین و داواش ده‌كه‌ین ئه‌و حزبانه‌ى تریش كه‌ ماون، ئه‌وانیش پاڵپشتیى خۆیان بۆ لیستى 184ی پارتى ده‌رببڕن، چونكه‌ كاندیده‌كانیان له‌ ته‌واوى پێكهاته‌كانى تێدایه."
kdp-
Top