بەرپرسی پارتی لە خانەقین: ئەوە ئێمە نین بەشێك لە خاكی كوردستانمان فرۆشتبێت

 بەرپرسی پارتی لە خانەقین: ئەوە ئێمە نین بەشێك لە خاكی كوردستانمان فرۆشتبێت
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت ئەوە ئێمە نین بەشێك لە خاكی كوردستانمان فرۆشتبێت و خانەقینییەكان داگیركارییان قبووڵ نییە و دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دەدەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، ڕايگەیاند: "ئێمە لە سنووری پارێزگای دیالە بە 14 كاندید وەكوو لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریمان كردووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ئێمە لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و بە خەڵك دەڵێن ئەوە ئێمە نین بەشێك لە خاكی كوردستانمان فرۆشتبێت و كار دەكەین بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها كار دەكەین بۆ بەرگریكردن لە كورد و لە بەغداوە و شەڕی دەستووری دەكەین و كار دەكەین بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانەی كە ئێستا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كراون و لە بەغداوە كار لەدژی ئەو میلیشیایانە دەكەین كە دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵك".

سەبارەت بەوەی كە خەڵك سزای ئەو لایەنە بدات كە بوونەتە هۆی داگیركردنی ئەو سنوورانەی كە ئێستا حەشدی شەعبیان تێدایە، بەرپرسەكەی پارتی لە خانەقین گوتی: "بێگومان ئێستاش خەڵكی خانەقین خۆیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دەدەن، چونكە خانەقینییەكان داگیركارییان قبووڵ نییە، لەبەر ئەوەی پێشتریش زوڵمی زۆریان بینیوە و ئێستاش زۆر لایان ئەستەمە كە جارێكی‌تر لەژێر دەستی داگیركەراندا بن و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی لە سنوورەكە کەم دەکات و ئێستاش دژایەتیی ئێمە دەكەن، بەڵام ئێمە گوێی پێ نادەین و بەردەوامین لە بانگەشە بۆ كاندیدەكانمان".









باسنيوز
Top