یەکگرتوو: دەنگدەرانی یەکێتی لە هەڵبژاردن سزای حزبەکەیان دەدەن

 یەکگرتوو: دەنگدەرانی یەکێتی لە هەڵبژاردن سزای حزبەکەیان دەدەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەنگدەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک سزای حزبەکەیان دەدەن.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و سەرۆکی لیستی یەکگرتوو بۆ پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦/٤/٢٠١٨، ڕايگەیاند: "لەسەرەتای بڕیاردان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، خەڵکی کەرکووک نیگەرانییەکی زۆری ھەبوو و ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بە نیاز نەبوون دەنگ بدەن، لە داخی ئەو دۆخە ناھەموارەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەر خەڵکدا ھێنرا، چونکە باڵێک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو حاڵەتەی بەسەر کەرکووکدا ھێنا“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی کە ئەو لێدوانانەی بەشێک لە بەرپرسانی تورکمان و عەرەب دەیدەن لە دژی کورد و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ”ئیتر کورد نابێتەوە بە هێزێکی باڵادەست لە شارەکە و ئەو خەڵکانەی کەرکووک کە لەساڵی ٢٠٠٣شەوە گەڕاونەتەوە، لە شارەکە دەربچن و خەڵکی کەرکووک نین، خەڵکی بڕیاریان داوە دەنگ بدەن“. گوتیشی: ”ئێمە وەک یەکگرتوو، خەڵک متمانەمان پێ دەکات و خیانەتمان نەکردووە".

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەیشاردەوە کە ”یەکێتی سەنگی پێشووی نەماوە“ و گوتی: ”دەنگدەرانیان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە لەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکەمان دەگوزەرێت و تەنانەت لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا سەردانی کادیری یەکێتیمان کردووە، پێمانی راگەیاندووە کە بڕیارمداوە دەنگ نەدەم بە یەکێتی، بەڵام دەنگی من بۆ ئێوە دەبێت“.

لەبارەی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ ئەگەر یەکێتی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری سزا بدایە، خەڵکەکەی ئێستا بە جۆش و خرۆشەوە نەدەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟ جوان حەسەن گوتی: ”بێگومان، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، خەڵکی کەرکووک دەپرسن ئایا پارە وەرگیرا لەو دۆخەی کە ئەو کاسانە ھێنایانە سەر کەرکووک، یان چۆن فرۆشرا؟ بۆیە یەکێتی ئەو ڕێژە دەنگە ناھێنێتەوە کە پێشتر ھێنابووی لە کەرکووک و دەنگدەرانیان سزایان دەدەن و خەڵکیش لێیان توڕەیە“.

رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری کەرکووکیان دا و داگیرکیان کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و نەجمەدین کەریم کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، ئاشکرایان کرد کە گرووپێک لەنێو یەکێتیدا خیانەتیان کردووە و بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان چۆڵ کردووە کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، ئەو گرووپە لەژێر فەرمانی لاهوور جەنگی و چەند کەسێکی دیکەی نزیک لە خۆی، کشاونەتەوە.










باسنيوز
Top