حزبە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی بدەن

 حزبە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی بدەن
پارت و لایەنە سیاسییە تورکمانییەکان بڕیاریان دا، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و هۆکارەکەشیان بۆ پارێزراویی مافەکانیان لە هەرێمی کوردستان و پێداگریی سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانیان گەڕاندووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ٦ حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی، ئاماژە بەوە دراوە: ”هەرێمی کوردستان جێگەی یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، لە هەمان کاتدا دوژمنان و ناحەزانی گەلی کوردستان بەردەوام بوون لە هەوڵی پلانداڕشتن بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان پێکهاتەی کورد و تورکمان.

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیش هەوڵی دوورخستنەوە و بێبەشکردنی نەتەوەی تورکمانیان لە گشت مافە ڕەواکانی خۆی لە عێراق داوە. تاکو ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ کە نەخشەی سیاسی و جوگرافی لە عێراق گۆڕانکاری بەسەر هات و پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتەی تورکمان توانی بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و گەیشتن بە ماف و دەسکەوتە نەتەوەییەکانی خۆی لە گشت جومگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی ئەمن و ئاسایش کە تێیدا ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان و مافە نەتەوەییەکانمان پارێزراوە“.

لە هەمان ڕاگەیاندراودا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دوای داڕشتنی ڕەشنووسی دەستوورێکی نوێ لە عێراق کە بگونجێت لەگەڵ مافەکانی گشت نەتەوەکان و ”پێداگریکردنی سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی مافی نەتەوەی تورکمان لە دەستووری عێراق“، بۆیە ئەوان وەکوو حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێزگرتن لە پێکەوەژیانی پێکهاتەی کورد و تورکمان، بڕیاریان داوە، دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. داواشیان لە جەماوەری تورکمان کردووە، دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، چونکە ”مافە نەتەوەییەکانمان لە بەرنامەی ئەم لیستەدا پارێزراوە“.

ئەو پارت و لایەنانەی ناویان لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:


١- پارتی چاکسازی تورکمان

٢- پارتی گەشەپێدانی تورکمان

٣- پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمانی

٤- پارتی دیموکراتی تورکمان

٥- کۆمەڵەی رۆشنبیری تورکمانی

٦- کۆمەڵەی لیبرالی تورکمانی










باسنيوز
Top