کێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان یەکێتی و گوڕان سەرھەڵدەداتەوە
ھۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رايگەیاند: ”ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداری لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھەبووە، بزووتنەوەی گۆڕان تاک لایەنانە ڕێککەوتنە سیاسییەکەی ھەڵپەساردووە، بەڵام ڕێککەوتنە ئیدارییەکە ھێشتا ھەر ماوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە روو کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی ساڵێک و ھەشت مانگ لای یەکێتی و ساڵێک و ھەشت مانگی دیکەش لای بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت، بەشی یەکەمی ماوەکە ئاسۆ فەرەیدوون لە پشکی یەکێتی بووەتە پارێزگار و دوای تێپەڕبوونی وادەکەش، داوای بەخشینی کرد.
ئاشکراشی کرد، کە ڕاستە گۆڕان ساڵێک و ھەشت مانگی تەواو نەکردووە، بەڵام ئەوان سەردار قادریان دانا، دوای ئەوەی پۆستەکەی بەجێھێشت، شوێنەکە بە چۆڵی مایەوە، لەبەر دروست نەبوونی بۆشایی ئیداری، عومەر قەڵادزەیی، چووە شوێنەکە، ئەمەش بەمانای وەرگرتنەوەی پۆستەکە نایەت لەلایەن یەکێتییەوە.
یەکێتی ئەم پرسەی بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ھەڵگرتووە و دواتر چەند بژاردەیەکی بە دەستەوەیە کە یەکێک لەوانە، گەڕاندنەوەی ئاسۆ فەرەیدوونە.
باسنيوز
