ساسان عەونی: پارتی بەردەوام لە نوێبوونەوە دایە
دوای ئەوەی سەرجەم ڕاپرسییە کوردستانی و عێراقییەکان ئەوەیان سەلماند کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2018دا پلەی یەکەم لەسەر ئاستی حزبەکانی کوردستان بەدەست دەهێنێت. ساسان عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە هۆکارەکەی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە پارتی حزبێکە ”بەردەوام نوێیە و نوێ دەبێتەوە“، چونکە: ”پارتی تاکە حزبە کە پێویستبوونی مێژووی پرسێک و بە ئامانجگەیاندنی کوردستان بە مافی چارەنووس دروستی کردووە، نەک پەرچەکردار و لێکترازان، ویستی کەسی دروستی نەکردووە، بۆیە لێرەدا جیاوازییەکی گەورە لە دروستبوونی بەدیار دەکەوێت“.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بەپێ سەردەم و کات گۆڕانکاری بەسەر نوێبوونەوەی پارتیدا ھاتووە و ھەرگیز دروشمێکی ھەڵنەگرتووە، کە لەگەڵ ئەو قۆناغ و سەردەمەی تێیدایە نەگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا دروشمەکانی پارتی لە سەردەمەکانی پێشتری نەچووە و بەردەوام پێکەشەوتنی بەخۆوە بینیوە و بۆ دواوە نەگەڕاوەتەوە، دەشڵێت: ”میتۆد و بەرنامەی پارتی لەگەڵ ھەر حزبەکانی تر جیایە، میتۆدێکی واقیعییە و لەگەڵ سەردەمی خۆی دەگونجێت، چونکە میتۆدی پارتی میتۆدێک نییە کار لەسەر سۆز لە پێناوی دەنگی توێژێک و خولیای کەسێک بۆ ناوبانگ دەرکردن بکات، ھەروەھا درۆی ھەڵبژاردن لەگەڵ پڕ جوڵەترین و پڕ ھەستترین توێژی دانیشتوانی کوردستان بکات“.
ئاشکراشی کرد، کە پارتی لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی وەک یەکێتیی قوتابیان، یەکێتیی لاوانەوان، ئۆرگانە حزبییەکان و بەھۆی ھەڵبژاردنەوە بەردەوام پڕۆسەی نوێبوونەوەی تێدا بەڕێوەدەچێت، گوتیشی: ”پارتی حزبی کردار و پرسی ڕەوا و گەنجی تازەیە، بۆیە ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی پارتی ئەو دەروازانەن کە گەنج بە ئاسانی لێیەوە دەتوانن بێنە ژوورەوە و خۆیان بسەلمێنن“.
باسنیوز
