پەرلەمانتارێکی تورکمان: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تورکمانەکان کراونەتە ئامانج

 پەرلەمانتارێکی تورکمان: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تورکمانەکان کراونەتە ئامانج
پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانیی عێراق رایدەگەیەنێت، کە لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، تورکمانەکانی کەرکووک کراونەتە ئامانج.

ئایدن مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، بارودۆخی کەرکووک لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر ”ناسەقامگیرە“ و پێشێلکاریی بەرامبەر تورکمانەکان دەکرێ.

ئایدن مەعروف، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانییە، هەروەها رایگەیاندووە، کە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کاریگەریی بەسەر تورکمانەکانیشەوە هەبووە، ”30 هاووڵاتیی تورکمان لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، لە کەرکووک کوژراون و تورکمانەکان کراونەتە ئامانج“.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.









باسنيوز
Top