توێژەرێک: گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر شەریک بوون

 توێژەرێک: گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر شەریک بوون
توێژەر و چاودێرێکی سیاسی ئاشکرای کرد، تاوانبارکردنی ڕیفراندۆم بە شکستهێنان، هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش تێیدا شەریک بوون.

سۆران سێوکانی، توێژەر و چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”تاوانبارکردنی ڕیفراندۆم بەوەی شکستی ھێناوە، ھەوڵێکە بۆ شاردنەوەی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەنا منداڵیش دەزانێت ئەوە ١٦ ئۆکتۆبەر بوو کە کوردی گێڕایەوە دواوە، نەک ڕیفراندۆم“.

لەبارەی هۆکاری بێدەنگیی گۆڕان و کۆمەڵ لە خیانەتەکە و قسە کردنی بەرپرسانی ئەو دوو لایەنە لەسەر ڕیفراندۆم، سێوکانی دەڵێت: ”گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوانیتریش بۆچی باسی ئەو خیانەتە ناکەن؟ چونکە یەکەم، خۆشیان شەریک بوون. دووەم، بوێریی ئەوەیان تێدا نییە کە حەقیقەت بڵێن. سێیەمیش بۆ ڕازیکردنی ئاغای شیعەیە“.

ئەوەش ناشارێتەوە کە ”زۆربەی سەرکردایەتیی یەکێتی خۆیان دانیان پێدا ناوە کە کێ بوو نەگبەتی بەسەر کوردا ھێنا“.

ئەم قسانەی سێوکانی لە کاتێکدایە کە لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنیاندا، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی کەسە یەکەمەکانیان لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بە ”بەڵێ“ دەنگیان داوە، بەڵام دژی ڕیفراندۆم وەستاونەتەوە و گۆڕانیش سەرانی ڕیفراندۆم بە ”ڕیفراندۆمچی“ دەزانێت و داوای دادگاییکردنیان دەکات.










باسنیوز
Top