پۆلیسی ھەولێر: باندێکی دزی دەستگیر کران
ئەمڕۆ دووشەممە 23/4/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕاید سیروان حەمید حوسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵات ڕای گەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی دزیکردن، دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکەین بە ناوەکانی (ک.م.ع) تەمەن 34 ساڵ، (ا.ب.ھـ) تەمەن 39 ساڵ".
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای دەستگیرکردنیان دانیان نبە تاوانەکەیان ناوە، کە "شانەی ھەنگیان دزی بوو، کە بڕەکەی بە نزیکەی سێ ھەزار دۆلاری ئەمەریکی دەخەەمڵێنرێت".
بەڕێوەبەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵات دەشڵێت: "یەک لەو تاوانبارانەی دەستگیر کراوە، ماوەی دوو مانگە لە گرتووخانە ئازاد کراوە، دوای ئەوەی پێشتر بۆ ماوەی حەوت ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو"، ڕوونیشی کردووەتەوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کراوەتەەوە و دادوەر بڕیاری داوە بە بەندکردنی ھەردوو تاوانبار بە ماددەی 443 لە یاسای سزادان.
باسنيوز
