ئەو کەسانەی یەکێتی بانگەشەی ئازادکردنیان دەکات پێشمەرگە نین

 ئەو کەسانەی یەکێتی بانگەشەی ئازادکردنیان دەکات پێشمەرگە نین
لەکاتێکدا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، هێزی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەیە و زوو زوو دەچنە نێو سنووری ناوچە کوردستانییەکان، بانگەشەی ئازادکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی دیل دەکات.



پۆڵاد جەنگی، فەرماندەی ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا ژیانی سێ پێشمەرگەیان لە دەستی داعش لە نزیک دوبز رزگار کردووە کە پێشتر بە دیلی کەوتبوونە دەست داعش.



لە بەرامبەردا فارووق نامیق، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣/٤/٢٠١٨، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو سێ کەسە پێشتر لە دەوروبەری ناوچەی داودەی سەر بە خورماتوو لە کاتی کارکردنیاندا لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون“.



سەرسوڕمانی خۆشی لەو شێوازی بانگەشەی ئازادکردنەیان دەربڕی و ڕای گەیاند: ”شێوازی ئازادکردنەکەیان نازانرێت، ئەو سێ کەسە خەڵکی گەرمیانن، بەڵام پێشمەرگە نین و تەنیا ھاووڵاتیی ئاسایین".



بە بڕوای بەڕێوەبەرەکەی ئاسایشی خورماتوو، یەکێتی ئازادکردنی ئەو دیلانە ”بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن“ بەکار دەھێنێت، چونکە ”دەڵێن ئەو کەسانە پێشمەرگەن، کەچی لە بنەڕەتدا وانییە".



بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی یەکێتی بە پێشمەرگە ناساندوونی و ئازادکردنەکەی ڕاگەیاندوون، ناویان (ھەردی عەدنان، شوان کەریم و محەمەد حەسەن)ە کە نزیکەی ١٠٠ رۆژە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون.










باسنيوز
Top