مه‌سروور بارزانی: مامەڵەی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، له‌سه‌ر بنه‌مای مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان دەبێت نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان

مه‌سروور بارزانی: مامەڵەی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، له‌سه‌ر بنه‌مای مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان دەبێت نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان
مه‌سروور بارزانی جه‌ختی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق بۆ سه‌ر رێگه‌ی دروست كرده‌وه‌ و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌یشی دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان.

ئەم لێدوانەی مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، لە دیداری ئه‌مڕۆ 22/4/2018ـیدا بوو لەگەڵ جوانه‌ لاونس باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری.
له‌م دیداره‌دا، كه‌ هه‌ڤاڵ ده‌سكۆ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئوسترالیا ئامادهی‌ بوو، بیروڕا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا و پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق تاووتو كرا.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ جوانه‌ لاونس له‌ پۆسته‌ نوێكه‌یدا خواست و، پێزانینی خۆی نیشان دا بۆ ئه‌و پاڵپشتی و هاوكاریانه‌ی ئوسترالیا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعشدا پێشكه‌شی كردووه‌.
په‌یوه‌ند به‌ ‌ پرۆسه‌ی سیاسی و میكانیزم و ئاسته‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق، مه‌سروور بارزانی جه‌ختی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق بۆ سه‌ر رێگه‌ی دروست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ رێز له‌ داخوازی و مافی گشت پێكهاته‌كانی عێراق بگیردرێت و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئوسترالیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری له‌ فرا‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات.
خۆرێكخستنه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی هێرش و په‌لاماره‌كانی پاشماوه‌ی تیرۆریستان له‌ چه‌ند ناوچه‌ و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ره‌وشی ئاسایش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاربووه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
kdp-
Top