٢٧ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک تاپۆ دەکرێن

٢٧ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک تاپۆ دەکرێن
لە سنووری پارێزگای دھۆک بڕیارە نزیکەی ٢٧ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لەسەر ھاووڵاتیان تاپۆ بکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆکیش دەڵێ، جگە لە تاپۆکردنی ئەو خانووە زێدەڕۆیانە، زەویش بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە پێشتر ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی بۆ پێدانی زەوی وەزیرانیان ھەبووە.

ھەڤاڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی پارێزگای دھۆک دەربکرێن و دواتر پڕۆسەی تاپۆکردن دەست پێ دەکات، لە چوارچێوەی یاسادا ھەموو ئەو خانووانەی پێشتر بە شێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون لە سنووری دھۆک و قەزا و ناحیەکانی سەر بەو پارێزگایە، بە گوێرەی ڕێنماییەکان تاپۆ دەکرێن لەسەر خاوەنەکانیان، بە گوێرەی دواین زانیاری ژمارەی ئەو خانووانەی تاپۆیان نییە و بە شێوەی زیادەڕۆیی دروست کراون ٢٧ ھەزار خانووە."

ھەڤال ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشتر ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیانی پارێزگای دھۆک ڕەزامەندیی وەرگرتنی پارچە زەوییان ھەبووە، بەڵام تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، بڕیارە ئەوانیش زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت، بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەوانەیشی پێشتر ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیان ھەبووە بۆ پێدانی زەوی، لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت و پڕۆسەی دابەشکردن دەست پێ دەکات."
kdp-
Top