بەرپرسێکی یەکێتی: ھەر کەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح بکات خیانەتی کردووە

 بەرپرسێکی یەکێتی: ھەر کەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح بکات خیانەتی کردووە
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، ھەر کەسێک لەناو یەکێتی ئیش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح بکات، خیانەتێکی گەورەی کردووە و لە ڕیزەکانی یەکێتی دەردەکرێت.

ڕەوەند مەلا نەوزاد، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانی ڕایگەیاند: "ھەر کەسێک لەناو ڕیزەکانی یەکێتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ئیش بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح بکات، خیانەت لە خوێنی ھاوڕێکانی دەکات، چونکە بەرھەم ساڵح، لە یەکێتی جیابوەتەوە و ئێستا قەوارەیەکی سەربەخۆی ھەیە، بۆیە ھەر کەسێک پشتگیری لەو لیستەی بەرھەم ساڵح بکات، بۆ خۆی ئازاداکە بەڵام قبووڵی ناکەین، ھیچ کەسێک لەناو یەکێتیی ئیش و کار بۆ ئەو لیستە بکات".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتیشی: "بەرھەم ساڵح، زۆر بە کەمی بە یەکێتییەوە ماندوو بووە، بەڵام یەکێتی بەوەوە زۆر ماندوو بووە، ھەروەھا بەرھەم ساڵح، پێشمەرگە نەبووە و بریندار نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی زۆر دەوری باڵا و کاریگەری دابوو بە بەرھەم ساڵح، بەڵام دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، یەکێتی کێشە و گرفتی زۆری تێکەوت، دواجار ھەندێکی کێشەکان چارەسەر کران و چەند کەسێکیش لە یەکێتی جیا بوونەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا یەکێتی ھەر حزبەکەی جارانە و بە شێوەیەکی باش خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ئامادە کردووە".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا: "جیابوونەوەی بەرھەم ساڵح، نیشانەی پرسیاری درووست کردوە، من نازانم بۆچی ئەو کاتانەی یەکێتی کێشەی نەبوو، یان ئەوکاتەی دەسەڵاتی گەورە و پلە و پایەی باشیان ھەبوو لە یەکێتی جیا نەبوونەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان نەما، لە یەکێتی جیا بوونەوە، بۆیە جیابوونەوەی بەرھەم ساڵح، لەناو ڕیزەکانی یەکێتی ئەوەندەی پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی شەخسییەوە ھەیە، ئەوەندە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمانەوە نییە، بۆیە ئەوانەی لە یەکێتی جیا دەبنەوە، ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە، ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندیی میللەتەکەمان ناکەنەوە".

لەبارەی ئەوەی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی بەربەستی بۆ بەرھەم ساڵح درووست کردوە، ڕەوەند نەوزاد، باسی لەوە کرد: "یەکێتی بەربەستی بۆ بەرھەم ساڵح درووست نەکردووە، چونکە ئەو بۆ خۆی ئازاد بووە، بەڵام لەناو یەکێتی ناکۆکی و بەربەست زۆر ھەبووە، زۆر جار کێشەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەگژ یەکدا بچنەوە، ڕەنگە بەرھەم ساڵح، ھەمان کێشەی ھەبووبێت، بەڵام کێشەکان ئەوە نەبووە، بەرھەم ساڵح ڕیزەکانی یەکێتی بەجێ بھێڵێت، چونکە لەناو یەکێتیدا دەسەڵاتێکی باڵای ھەبووە".











باسنیوز
Top