دلاوەر ئاژگەیی: لە داهاتوویەکی نزیکدا جموجۆڵی دیپلۆماسیی کوردستان و ئەورووپا گەشە دەکەنەوە
چاوەڕوان دەکرێت ئەمرۆ یەکشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٨، شاندێکی باڵای حکوومەت و پەرلەمانی بەریتانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دونیای دەرەوە بەرەو لاوازی نەچووە، بەڵام بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە، هاتنی شاندەکان بۆ کوردستان کەم ببوونەوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەگەر فڕۆکەخانەکان دانەخرانایە، ھەر لە دوای ڕیفراندۆمەوە شاندی جیاوازی سیاسی و پەرلەمانی سەردانی کوردستانیان دەکرد“. بەڵام نەیشاردەوە کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی ھەبووبێت لە سەر ھاتنی شاندی بازرگانی ”کە ئەوەش پەیوەندی بە لەبار نەبوونی سەقامگیریی کوردستان لەوکاتەدا ھەبوو کە لە شەڕی بەرگریکردن لەخۆیدا بوو".
ئاژگەیی دووپاتی کردەوە: "لە داھاتووی نزیکدا چاوەڕێی ھاتنی شاندی جیاجیا لە ئەورووپا دەکەین و بۆ ھەموو لایەکیش روون دەبێتەوە کە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە، ”لە ئاستێدا باشن و جموجۆلی دوولایەنەی دیپلۆماسیش گەشە دەکەنەوە".
باسنیوز
