پەرلەمانتارێک: یوسف محەمەد بگاتە بەغدا هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدا

 پەرلەمانتارێک: یوسف محەمەد بگاتە بەغدا هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدا
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، قسەکانی یوسف محەمەدی کاندیدی گۆڕان، جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە “بزووتنەوەی گۆڕان لە بنەڕەتەوە بۆ دژایەتیکردنی کورد و هەرێمی کوردستان دروست بووە”.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "بەلای منەوە ئەو قسەیەی یوسف محەمەد جێی سەرسوڕمان نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دژایەتیی کورد دروست بووە، کاتێکدا کە ساڵی ٢٠١٢ مالیکی ویستی ناوچە کێشە لەسەرەکان کۆنترۆل بکات، بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان هاتن بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک، بەڵام ئەوان نەهاتن. هەروەها لە شەڕی داعشدا هەموو حزبەکان خۆبەخشیان هێنا، کەچی ئەوان نە خۆبەخش و نە کەسیان بۆ بەرگریکردن لە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە کۆ نەکردەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە، لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بزووتنەوەی گۆڕان “نە باسی خیانەتکارانیان کرد و نە ئیدانەی پرۆسەکەیان کرد، بەڵکوو بە پێچەوانەوە چوونە لای حەیدەر عەبادی و دەستخۆشییان لێ کرد و داوای ئەوەیان لێ کرد کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە و مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بکرێت".

شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی: "بەلای منەوە ئەوەی ئەوان دەیکەن، سیاسەتە و قسەی شەخس نییە، هەروەها هەندێک پەرلەمانتار کە خۆیان فرۆشت و لەدژی کوردستان لە خولی سێیەم قسەیان دەکرد، کەسانێک دەیانگوت ئەمە سیاسەتی حزبەکەیان نییە، بەڵکوو سیاسەتی شەخسە، بەڵام کاتێک کەسێکیان هێنا لە هەموویان خۆفرۆشتر بوو و پۆستیان پێ دا، ئەوکاتە من بڕوام وابوو کە ئەمە سیاسەتی ئەو بزووتنەوەیە".

ئەو پەرلەمانتاریی کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، “یوسف محەمەد باش لەوە تێگەیشتووە، دەڕوات بۆ ئەودیوی حەمرین، واتە بۆ دژایەتیکردنی کوردستان، بۆیە تەواوکەری کارەکانی برادەرەکانیەتی لە خولی رابردوو کە بینیمان خراپترین ئەدای جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان هی بزووتنەوە گۆڕان بوون، هەرچەندە دەیان بڕیار لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە و وەزیرەکانیان هەڵوێستیان نەبووە، لە سەردەمی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی گۆڕانیشدا، پەرلەمان دەیان بڕیاری لە دژی خەلکی کوردستان دەرکردووە".

بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵا، ئەگەر “سەرۆکی لەکارلابراوی پەرلەمان” بڕواتە بەغدا، هەوڵ بۆ دەرکردنی بڕیارێک دەدات “بۆ ئەوەی بڵێن هیچ شتێک بەناوی ناوچەی کێشە لەسەر نییە، هەروەها هەوڵی ئەوە دەدەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بسڕنەوە".











باسنیوز
Top