ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی عێراقی داوای پارەکەی لە شاسوار عەبدولواحید دەکا
ئەحمەد بەشیر، پێشکەشکاری بەرنامەی (بەشیر شۆ) کە پێشتر بەرنامەیەکی ئامادە دەکرد و لە هەردوو کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) و کەناڵی (دی دەبلیو) پەخش دەکرا، لە ئەڵقەی شەوی ڕابردووی بەرنامەکەیدا بە توندی هێرشی کردە سەر شاسوار عەبدولواحید و ئاشکرای کرد کە کرێی ئەو بەرنامانەی پێ نەداوە کە پێشتر لە کەناڵەکەیدا پەخش کراوە.
ئەحمەد بەشیر بە توانجەوە ئاماژەی بەوە کرد کە شاسوار عەبدولواحید بە پارەی ئەو و خەڵکی دیکەی هەژار و بێ دەسەڵات، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات و ”خۆی فێری یاریی شەترەنج دەکات و گەشت بە وڵاتاندا دەکات“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە چۆن دەکرێ متمانەی چوونە پەرلەمان و دەسەڵات بە کەسێک بکرێت کە پێشتر لە تاقیکردنەوەکاندا شکستی هێناوە و پارەی خەڵکی خواردووە. بۆیە داوای لێ کرد پارەکەی پێ بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ناوخۆی کوردستانیشدا شاسوار عەبدولواحید لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند)دا پارەی زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانی خواردووە و سەرەڕای بوونی سکاڵا، تاوەکوو ئێستاش، دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکار لە کوردستان مافەکانی ئەو هاووڵاتییانەیان لە شاسوار عەبدولواحید وەرنەگرتووەتەوە.
باسنيوز
