كاكه‌ییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه ڕۆژی ماستی قه‌ڵاتێیان بەرز ڕاگرت
ڕه‌نگین سه‌لام یه‌كێ له سه‌رپه‌رشتیارانی مه‌ڕاسیمه‌كه ڕاگه‌یاند "ئه‌مڕۆ وه‌ك كاكه‌ییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، هه‌ستاین به زیندووكردنه‌وه‌ی ڕۆژێكی تایبه‌ت به‌خۆمان، كه له كۆندا ئه‌و ڕۆژه پێی گوتراوه "ڕۆژی ماستی قه‌ڵاتێ" و تێیدا كاكه‌ییه‌كان ماست و به‌رهه‌مه سیپیاییه‌كانی خۆیان له نێوان خۆیاندا به‌خشیوه به یه‌كتری و نمه‌كی یه‌كتریان كردووە".
هەروەها ڕوونی كرده‌وه "هاوشێوه‌ی ساڵه‌كانی پیشوو، ئەمساڵیش هه‌ستاین به زیندووكردنه‌ی ئه‌م ڕۆژه و تێیدا به‌رهه‌می سپیایی و هه‌مه‌جۆره‌خواردنمان پێشكه‌ش به‌یه‌كتر كرد و نمه‌كی یه‌كترمان كرد".
به‌گوته‌ی ڕه‌نگین، له‌به‌رئه‌وه‌ی له كۆندا كاكه‌ییه‌كان له ناو گوند ژیاون، زیاتر به‌رهه‌می سپیاییان پێشكه‌ش به‌یه‌كتر كردووه، به‌ڵام له ئێستە جگه لە به‌رهه‌می سپیایی، خواردنیش پێشكه‌ش به یه‌كتر ده‌كه‌ن، بۆیه به ڕۆژه‌كه ده‌ڵێن ڕۆژی به‌خشین".
گوتیشی "ئه‌م ڕۆژه جگه له‌وه‌ی بۆنه‌یه‌كی ئاینیه، بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیشه، كاكه‌ییه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه و له خواردنه‌كانی یه‌كتر ده‌خۆن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێ له‌یه‌كتر زویر بن، ئه‌و ڕۆژه ئاشتیان ده‌بێته‌وه و زیاتر له یه‌كتری نزیك دەبنه‌وه".
bas news-
