مستەفا چاوڕەش: یەکێتی دەنگیش نەھێنێت دونیا ناڕووخێ
مستەفا چاوڕەش، ئەندانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند، بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی جەنجاڵ بووەتەوە، ھەرچەندە ”ناتوانین بەھۆی ئەم قەوارە نوێیانەی ئێستاوە، پێشبینی ھیچ شتێک بکەین، چونکە قەوارەی دیکە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کردووە، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە جیاوازە و پێشبینی کردن وەک فاڵگرتنەوە وایە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بە دروشمی جۆراوجۆر و ”شەڕەپەڕۆ“ ھیچ شتێک ناکرێت، بەڵام ”ئەوەندەی بۆمان بکرێ، دەنگی ڕاستەقینەی یەکێتی و خەبات و ماندووبوونی یەکێتی لەبەرچاوی خەڵک ون ناکەین، دواجار خەڵکی بۆ خۆی ویژدانی ھەیە، دەزانێ کام حزب شۆڕشگێڕ بووە، بۆیە تەمەنای ئەوە دەکەین کە یەکێتیی دەنگەکانی پێشووی بێنێتەوە، بێگومان ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە کە بتوانین ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەیەکی ئارام و دوور لە ھەموو حاڵەتێکی توندوتیژی بەڕێوە ببەین“.
بە بڕوای مستەفا چاوڕەش، پێویستە نوێنەرانی کورد بچنە پەرلەمانی عێراق، بۆیە ھەر لایەنێک کورسییەکی زیادە بھێنێت، ”بەلای ئێمەوە حاڵەتێکی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە ئەو نوێنەرە کوردە بەرگری لە مافی زەوتکراوی میللەتی کورد بکات، چونکە ئەو عێراقە چوار پیاوی باشی تێدا نییە کە دان بە مافی گەلی کورددا بنێت، بۆیە پێویستە ئێمە ھەوڵی ئەوە بدەین خەڵکێکی باش ھەڵبژێرین“.
دەربارەی دەنگەکانی یەکێتی، ئەو سەرکردەیەی حزبەکە نەیشاردەوە کە ”ھەندێک لایەن بەھۆی یەکێتییەوە ئەسپی خۆیان تاو دەدەن، ھەروەھا بەرھەم ساڵح، لە ھەناوی یەکێتییەوە چووەتە دەرەوە، بێگومان ئەویش خەڵکی خۆی لەگەڵ دایە، بەڵام ئەگەر لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگیش نەھێنین، خۆ دونیا ناڕووخێ، دواجار یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی تێکۆشەر بەردەوام دەبێت“.
باسنيوز
