کاندیدێکی پارتی: ھەندێک لایەنی سیاسی بۆسەیان بۆ کاندیدەکانی پارتی داناوه‌ته‌وه‌

کاندیدێکی پارتی: ھەندێک لایەنی سیاسی بۆسەیان بۆ کاندیدەکانی پارتی داناوه‌ته‌وه‌


کاندیدێکی پارتی دیموکرتی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ھەندێک لایەنی سیاسی و کەناڵی ڕاگەیاندن، بۆسەیان بۆ کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان داناوەته‌وه‌ و ھەوڵی لەکەدارکردنیان ده‌ده‌ن.



ھێشوو ڕێبوار، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ڕێگەی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئینته‌رنێته‌وه‌ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پڕووپاگەندەی نەشیاو بوومەتەوە، بەتایبەتی لەھەندێک پەیجی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوە دەکرێت، گوایە وازم لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێناوە، بەڵام سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و وازم لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان نەھێناوە".

زیاتر گوتی: "نەیارانی حزبەکەم ھەوڵی ئەوە دەدەن، وەکو کاندیدێکی دیاری ژن بەھۆی ئەو ھەڵمەتی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەیە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ساردم بکەنەوە، بەڵام من ھەمیشە شانازی بە پارتی بوونی خۆمەوە دەکەم بۆیە دەرچم یان دەرنەچم ھیچکات ئامادەنیم واز لە ڕێبازه‌كه‌م بهێنم".



ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد "نەیارانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چاویان بەسەرکەوتنی لیستی پارتی ھەڵنایەت ، ھەرچەندە من ماوەی10 ساڵە مامۆستای زانکۆم پێشتر ھیچ تۆمەتێکم ئاڕاستە نەکراوە، بەڵام خێرە ئێستا کاتێک لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاندیدکراوم تۆمەتی ناڕەوا و نەشیاوم ئاڕاستە دەکرێت؟".



سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونەوەی چه‌ند گرته‌ ڤیدیۆییه‌كی خێزانیی، ھێشوو ڕێبوار، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان،گوتی: "ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە، موبایلە تایبەتەکەم لێ دزراوە، بێگومان چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆیەکی ئاسایی خۆم و ھاوسەرەکەمی تێدابووە، بەڵام لەلایەن ئەو کەسانەوە، ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانە بەشێوەیەکی نەشیاو لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ھەرچەندە ئەوە شتێکی ئاسایی بووە و ئەگەر ئەو کەسانە قسەیان بکردایە خۆم وێنە و گرتە ڤیدیۆکەم پێ دەدان، نەك بەو شێویە بڵاوی بکەنەوە، چونکە بڵاوکردنەوە ئەو گرتە ڤیدیۆیانە ھیچ کاریگەریەکی نه‌رێنی بۆسەر ژیانی من درووست ناکات".



ھێشو ڕێبوار، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەشکرد، ھەندێک لایەنی سیاسی و کەناڵی ڕاگەیاندن ھەوڵی ئەوە دەدەن، بۆسە بۆ کاندیدی پارت و لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابنێن، بێگومان کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن ھەندێک لایەنی سیاسی یەوە بۆسەیان بۆ دانراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە ھەموومان بەگڕوتینێکی بەھێزەوە کاربکەین، بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان.

bas news-
Top