د. موسەنا ئەمین: 16ی ئۆکتۆبەر کاریگەری لەسەر دەروونی کەرکووکیەكان دروست کردووە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ئاماژەیەكدا بۆ كاریگەری خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتی لە كەركووك، ڕایگەیاند كە ئەم ڕووداوانە كاریان لە دەروونی هاووڵاتی كوردی ئەم ناوچانە كردووە. هیواشی خواست بەگەرموگوڕیەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
د. موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئێسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەكاندا بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەناچێ، چونکە ئەو ناوچانە بەسەربازگە کراون.
گوتیشی لەم ناوچانەدا ئەگەری ھەیە دەستکاری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش بکرێت، یان ئەگەرێکی زۆر ھەیە گوشار لە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بکرێت، بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا بەقۆناخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی کورد دەبێت.
د. موسەنا ئاماژەشی بەوەدا كە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کاریگەری ھەبووە لەسەر دەروونی ھاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بەڵام پێویستە ئەو ڕووداوانە کارێکی وەھا بکات، ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بەگڕوتینێکی بەھێزەوە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە ئیرادەی کورد زەوت نەکات.
هیواشی خواست ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێگەی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا بەھێز بێت.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبهری رابردوو، دوای خیانەتی باڵێكی یەكێتی كە لەلایەن لاهور جەنگی و پاڤێڵ تاڵەبانی و چەند بەرپرسێكی تریان ئەنجام درا، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان رادەستی میلیشیاكانی حەشدی شیعی و عێراق كران.
bas news-
