تەنیا پارتی لەگەڵ دەرکردنی یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینییە

 تەنیا پارتی لەگەڵ دەرکردنی یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینییە
سەرەڕای گرنگیی یاساکە لە کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، ھەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگرن لەبەردەم پەسەندکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی.

نازم ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا سەلمێنرا و ڕوون بووەوە کە ئەو لایەنانەی لەبەردەم دروستبوونی دەستووری ھەرێمی کوردستاندا ڕێگر بوون، ھەر ئەوانەن کە لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینیدا نین، لە میدیاکانەوە لێدوانی جۆراوجۆر لەسەر بابەتی گەندەڵی و چاکسازی دەدەن، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئەوەی ببێت بە کردار بۆ نەھێشتنی بندیوار، خانەنشینی نایاسایی و بڕینی دەرماڵەی نایاسایی، جگە لە پارتی، ھیچ یەکێک لەوان لەگەڵیدا نین".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا بۆ خەڵک سەلمێنرا کە ئەو لایەنانە ھەموویان بەرژەوەندیی خۆیان پێش بەرژەوەندیی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتی دەخەن، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بانگەشە و دروشمانەیە کە لایەنەکان دەیاندەن، ئەگەر دەشڵێن وا نییە و ئێمە لەگەڵ چاکسازین، با بفەرموون وەک فراکسیۆنی پارتی، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بکەن و داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بکەن، تاوەکوو یاساکە دەربکرێت“.

هەر لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا رای گەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاکو ئێستا وەڵامی یاداشتێکی فراکسیۆنەکەیانی لەبارەی دانیشتنی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی نەداوەتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان ھەفتەی ڕابردوو یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و دانیشتنی نائاسایی لەبارەی پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە.

بەپێی زانیارییەکان کە پێشتر بەرپرسانی باڵای حکوومەت ڕایان گەیاندووە، ئەگەر پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت، ئەوا خانەنشینانی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوە و بندیوار نامێنێ و لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان پاک دەکرێنەوە، هەروەها پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە یەکجارەکی کۆتایی دێت.










باسنیوز
Top