هێزێکی کوردی پیلانداڕێژەرێکی هێرشە تیرۆریستییەکەی 11ـی ئەیلوول دەستگیر دەکات
فرانس پرێس لە زاری سەرکردەیەکی سەربازیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان گواستوویەتییەوە، کە محەمەد حەیدەر زەماری تۆمەتبار بە بەشداربوون لەپیلان داڕشتن بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی 11ـی ئەیلوول، لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کراوە.
محەمەد حەیدەر زەمار هاووڵاتییەکی سوورییە و هەڵگری رەگەزمانەی ئەڵمانییە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش لەبارەی دەستگیر کرانییەوە رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەکیان بۆ دەستگیرکردنەکە لەبەر دەست نییە بەڵام ”لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین“.
ئەو کەسە دەستگیرکراوە، کە تەمەنی 57 ساڵە، تۆمەتبارە بە دامەزراندنی تۆڕێکی تیرۆریستی لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا و هاوکاریکردنی هێرشکارانی 11ـی ئەیلوول.
رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2001، تیرۆریستان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی مەدەنی، هێرشیان کردە سەر بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە واشنتن و تاوەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک و دواتر رێکخراوی توندڕەوی قاعیدە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی منزیکەی سێ هەزار کەس.
باسنيوز
