كوردەكانی ئەوروپا خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەكەن

كوردەكانی ئەوروپا خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەكەن
- كوردانی ئەوروپا، ھاوشێوەی ھەرێمی كوردستان و عێراق، خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە كردووە و، ئەندامێكی لقی ٦ی پارتییش داوایان لێ دەكات، بەڵگەنامە عێراقییەكانیان ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی وەك خولەكانی ڕابردوو دەنگی ھەندێكیان نەفەوتێت.

ئەندامی لقی ٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی بنكەی لالشی كوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا، شێخ خەڵات، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەست بە ھەڵبژاردنەكاتی پەرلەمانی عێراق لە ئەوروپا ڕایگەیاند: "بە فەرمی كوردانی ئەوروپا بە پێی ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری دەكەن، بەڵام وەك ڕێكخستن زیاتر لە دوو مانگە كار بۆ ئەو مەستە دەكەین و كوردانی ئەوروپامان ئاگادار كردووەتەوە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەكی لەو جۆرە و، داوامان كردووە بەڵگەنامە پێویستەكان ئامادە بكەن بۆ دەنگدان بە پێی ڕێنمایی ھەڵبژاردنەكان."

شێخ خەڵات گوتیشی: "ھەماھەنگیمان لەگەڵ لقی ١٧ی شنگال كردووە، چونكە زۆربەی كوردانی ئەو شارەی منی لێم، كوردانی ئێزدینە و، لە كوردستانیش نوێنەرێكی خۆیان ناردووە بۆ لای ئێمە لەبەر ئەو كارەساتەی كە ٢٠١٤ بەسەر ئێزدییەكاندا ھات و تیرۆیستانی داعش ھێرشیان كردە سەر شنگال و زۆربەی زۆری كوردانی ئێزدی ھاتوونەتە ئەوروپا، بە پێی ئەو ئامارەی بەردەستیشمان، نزیكەی ٨٠ ھەزار ئێزدی ھاتوونەتە دەرەوە، بۆیە كارمان بۆ ئەوە كردووە تەواوی ئەو كوردانەی لە دەرەوەن ژمارەی تەلەفۆنیان وەربگرین، داوایشمان كردووە ئەو ھاووڵاتیانەی سەر بە ڵقی ١٧ی لالش و لقی ١٤ی مووسڵ و لقی ٢٠ی شێخان و لقی ١ی پارێزگای دھۆكن و لە دەرەوەی وڵاتن، ژمارەی پەیوەندیمان بۆ بنێرن و هەماهەنگیمان كردووە بۆ ئەوەی كوردانی دەرەوە دەنگی خۆیان بدەن."

سەرۆكی بنكەی لالش بە ناوی كوردانی ئێزدییەوە دەڵێت: "كوردانی ئەوروپا داوایان ئەوەیە، لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا نوێنەرەكانمان كار بۆ كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ بكەن، ئەو گوڕوتینە لە لای ڕەوەندی كوردی زیاترە لەوەی لە كوردستان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە كێشەمان ھەیە كە كوردەكان زوو نەگەنە بنكەكانی دەنگدان و، داوامان لە سەركردایەتی كردووە كێشەكانمان بۆ چارە بكەن تا ڕەوەندی كوردی و ھاووڵاتیانی كورد زووتر بگەنە بنكەكانی دەنگدان، بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە ئەمەریكان، یان لە ھەر وڵاتیكی دەرەوەن، چونكە ئێرە وەك كوردستان نییە و، لە سنووری ئێمە بنكەی دەنگدان ٢٠٠ كیلۆمەتر دوورە و هەیە ھەتا ٣٥٠ كیلۆمەتریش دوورە، ئەوە كێشەیە و ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی ئالییەتێكین تا بە زووترین كات ھاووڵاتیانی كورد بێن و دەنگەكانی خۆیان بدەن، بێگومان ڕەوەندی كوردیش ٨٥%ی ھەواداری پارتین و دەنگ بە لیستی ژمارە 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن."

شێخ خەڵات ڕاشیگەیاند: "كوردانی ئێزدی ئەمجارە بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە كردووە دەنگی خۆیان بدەن و، ئەوان لەوە گەیشتوون كە ژیانی ژێر چادر زەحمەتە و تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانیش تاكە ھێزە لە كوردستان و لە دەرەوەش بتوانێ ھاوكاریی ئاوارە كوردەكانی ئێزدی بێت."
kdp-
Top