گۆڕان: یەکێتی بە بەرچاوی ھاووڵاتییانەوە کەرکووکی بە حەشدی شەعبی فرۆشت

 گۆڕان: یەکێتی بە بەرچاوی ھاووڵاتییانەوە کەرکووکی بە حەشدی شەعبی فرۆشت
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، بەھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، دەنگی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەرکووک کەم دەکات و دەڵێت، یەکێتیی بە بەرچاوی ھاووڵاتییانی شارەکەوە، کەرکووکی بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی فرۆشتووە.

خەلیل سەرکانی، ئەندانی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "بەھۆی ڕووداوەکاتی ١٦ی ئۆکۆتبەرەوە، ئەمجارە بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگی کورد لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دادەبەزێت، چونکە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خەڵکی ئەو شارەی نیگەران کردووە، بێگومان یەکێتی بە بەرچاوی ھاووڵاتییانی ئەو شارەوە، سەودای کڕین و فرۆشتنی بە شاری کەرکووکەوە کردووە و شاری کەرکووکی بە سوپای عێراق و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی فرۆشتووە".

خەلیل سەرکانی، ئاماژەی بەوەش دا: "ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەر ئەوە نەبووە شاری کەرکووک داگیر کراوە، بەڵکوو تورکمانەکان و حەشدی شەعبی تەعدایەکی زۆریان لە ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک کردووە، بۆیە بەھۆی ئەو ڕووداوانەوە دەنگی کورد ھێندەی دیکە دادەبەزێت".

بە بڕوای ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکۆتۆبەر ”گەورەترین شکستی میللەتی کورد بووە“، بە جۆرێک کە شکستەکانی ڕابردوو ھیچکامیان ھێندەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر قورس نەبوون، بەڵام ”خەڵکی کەرکووک ھەرگیز ئەو ڕووداوانەیان بیر ناچێتەوە و بۆ ئایندە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە".

دوای ئەوەی کەرکووک و خورماتوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەلایەن میلیشیاکانەوە داگیر کران، هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، لەگەڵ شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی ئەوەیان ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خیانەتەیان کردووە. پاشان لە وەڵامی نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیمدا، کۆسرەت ڕەسوڵ ئاشکرای کرد کە بنەماڵەی تاڵەبانی بەهۆی ”ڕێککەوتنی ژێر بە ژێریان لەگەڵ ئەملا و ئەولا“، ئیحراجییەکی گەورەیان بۆ یەکێتی دروست کردووە.








باسنيوز
Top