هۆشیار زێباری: پارتی وەک گەورەترین حزبی کوردستان هەوڵدەدا دوای هەڵبژاردن کورد یەک لیستی هەبێ
هۆشیار زێباری لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) ئاماژەی بەوە کردووە، بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی داهاتووی عێراقدا گرنگە، چونکە هەموو مافە دەستورییەکانی کورد کە لەو دەستوورەی هەمووان دەنگیان پێداوە، چەسپێنراوە، بۆیە دەبێت لە پەرلەمان و لە بەغدا بین، تا بتوانین بەرگری لەو مافانەمان بکەین کە بەپێی دەستوور بە کورد دراوە".
زێباری ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە کورد لە بنیادنانەوەی عێراقی فیدراڵدا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا توانیوێتی خزمەتێکی باش بە کوردستان و گەلی کوردستان بکات لە بەغدا، بەڵام “بەداخەوە لە دوای ٢٠١٢وە، بە بەرنامە هەوڵدرا ڕۆڵی کورد لە بەغدا کەمبکرێتەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “کورد قورسایی خۆی هەر ماوە، بەڵام وەک جاران بەو شێوازە گەورەیە نا، چونکە دۆخی هەموو لایەک تێکچووە، نە کورد و نە سوننە و نە شیعە، هیچیان یەک لیست و یەکگرتوو نەماون، ئەو سەردەمەش بە سەرچوو. بەپێی ڕاپرسیەکان کە کراوە، هەر لیستێک بڵێت ١٠٠ یا ٧٧ کورسی یان ٨٠ کورسی دەهێنێت، ڕاست نیە، چونکە هەموویان لەتلەت بوون، بۆیە فرسەتێک بۆ کورد هاتۆتە پێش کە یەک دەنگ بێت”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی کردووەتەوە: “پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین حزبی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدات کە هەموو لایەنەکان دوای هەڵبژاردن ببنە یەک لیست و کورد لە بەغدا، لە ناو پەرلەمان و دامودەزگاکانی بەغدا پێگەی بەهێز بێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشیار زێباری باسی لە ڕیفراندۆم کردووە و نەیشاردووەتەوە: “ئێمە هیچ دژبەیەکیەک نابینین لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە ڕیفراندۆم مافی چارەی خۆنووسینی گەلێک بوو، ئەو پرۆسەیە کۆتایی هاتبوو، هەموو کەسێک لە عێراق و دەرەوەی عێراق دەیانزانی ئەو بۆچوونەی هەیە، بەڵام ئێمە بە دەنگدان دەرمانخست کە ٩٣%ی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕیفراندۆمن، ئیتر ئەمە هیچ دژبەیەکییهكی تێدا نیە". باسیشی لەوە کردووە کە کورد هێشتا بەرژەوەندی لە بەغدا ماوە، بەتایبەتیش پاش هاوکێشەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبەر، هەموو لایەک بە بەغداشەوە هەستیان کرد کە چەترێک هەیە دەبێت بۆی بگەڕێنەوە، ئەویش دەستووری عێراقە.
باسنيوز
