توێژینەوە: جەستەی زۆرینەی رەهای خانمان ئامادە نییە بۆمنداڵ درووستکردن
توێژەرەکان لە کۆلیجی زانکۆیی لەندەن بوون و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی پزیشکیی "لانسێت" بڵاوکردووەتەوە.
وەک توێژەران بۆیان دەرکەوت، زۆرینەی رەهای ئەو خانمانەی لە تەمەنی درووستکردنی منداڵ دان، جەستەیان ئامادە نییە لەڕووی خۆراکییەوە، ئەوەش تەندروستیی منداڵەکانیان لە داهاتوودا دەخاتە بەر مەترسیی.
کێشەیەکی گەورەی زۆرینەی بەشدارانی توێژینەوەکە قەڵەوی و کێش زۆریی بووە بەر لە دووگیانی.
بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، ڤەکۆڵین لەسەر دۆخی تەندروستی 509 خانم کراوە کە لە تەمەنی درووستکردنی منداڵدا بوون.
لە ئەنجامدا دەرکەوت 96%ی خانمانی بەشدار کەمیی ئاسن و فۆلیک ئەسیدیان هەبووە.
چواریەکیشیان کێشیان زۆر بووە یان قەڵەوبوون، کە مەترسیی تووشبوونی منداڵەکانیان بە چەندین نەخۆشیی زیاددەکات لە داهاتوودا، لەوانە؛ نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، ناڕێکییەکانی پرۆسەی زیندەپاڵ، نەخۆشییە دەمارییەکان و چەندینی دیکە.
ئێستا بەشێوەیەکی رۆتینی داوا لە خانمانی بەریتانیا دەکرێت سێ مانگ بەر لە دووگیانبوون هەندێک گۆڕانی بنچینەیی لە شێوازی ژیانیان درووستبکەن، لەوانە؛ دوورکەوتنەوە لە کحول و دووکەڵی جگەرە، هەروەها وەرگرتنی جێگرەوەی خۆراکیی فۆلیک ئەسید.
rudaw -
