پارتی : هیچ لایەنێک لە کەرکووک دەنگی لایەنگرانی ئێمەی پێنادرێت
محەممەد خورشید ، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی یەک هەواڵی تۆڕی میدیایی رووداو ، لەبارەی چارەنووسی دەنگی پارتییەکان لە کەرکووک و ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوەدەکرێت پارتی لە کەرکووک دەنگەکانی خۆی بداتە یەکگرتوو ، رایگەیاند: "هیچ داوایەک لەوبارەیەوە نەکراوە ، پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارتییەکان زیاتر کەس بە شایستەی ئەوە نازانن دەنگی خۆیانی پێبدەن ، بۆیە پارتییەکان تەنها دەنگ بە پارتییەکان دەدەن ، لە کەرکووکیش ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردنمان کردووە و ئامادەش نین دەنگ بە هیچ لیست و قەوارەیەکی دیکە بدەین".
محەممەد خورشید، دەڵێ: "بۆ زانیاری هەموو لایەکیش هەموو لیستەکانی کوردستانی و غەیری کوردستانی پەیوەندیان بە پارتییەوە کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریان بین ، بەڵام ئێمە لەسەر بڕیاری مەرکەزی خۆمان سوورین بایکۆتی هەڵبژاردنمان کردووە".
سەبارەت بەو هێز و لایەنانەی داوایان لێکردوون هاوکارییان بکەن لە کەرکووک ، بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک گوتی: "ئەندامانی نێو لیستە هەڵبژێردراوەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی ، هەموو لایەنەکان بە یەکێتیشەوە پەیوەندییان کردووە ، بەڵام نە یەکێتی و نە هیچ لایەنێک بە شایستەی ئەوە نازانین پارتییەکان دەنگی خۆیانیان پێبدەن".
محەممەد خورشید ، بە ئاماژەدان بەوەی ، پارتییەکانی کەرکووک بڕیاریانداوە بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن پەیامێکی روون بە هەموو ئەو لایەنانە بدەن کە بارودۆخی کەرکووکیان شێواند ، خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان کرد و ئەو بارودۆخەیان بەسەر کەرکووک هێنا ، گوتی: "ئێستا گەنجێکی کەرکووکی لەسەر هەڵکردنی ئاڵایەکی کوردستان بە ناشرینترین شێوە رەفتاری لەگەڵدا دەکرێت ، دەنگ نەدانی ئێمە واتە پەیامی ئەوە دەگەیێنێت کە دەنگەکانمان بە هەدەر ناچێت".
سەبارەت بە چۆنیەتی بانگەشەی لایەنەکان و بوونی ئازادی لە کەرکووک بۆ ئەوەی بانگەشە ئەنجام بدرێت محەممەد خورشید، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەوان زانیاری وردیان لەلایە "بەپێی ئەو رێنماییانەی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کەرکووکەوە دەرچووە ، تەنها لە رۆژدا بۆیان هەیە بانگەشە بکەن ، بانگەشەش تەنها بەو رێگایانە دەبێت کە لە کۆمیسیۆن بڕیاری لێدراوە ، هیچ لایەنێک بۆی نییە بە تایبەت کوردستانییەکان ئاڵای کوردستان لە شەقام و بازاڕەکان هەڵبکات ، مەگەر لەناو هۆڵ و شوێنە داخراوەکان شەرمنانە ئاڵایەکی بچووکی کوردستان بەرزبکەنەوە ، بەڵام لایەنی دیکەی وەکو تورکمان و عەرەب ئاڵای خۆیان بەرزکردووەتەوە و کەسیش رێگریان لێناکات ، ئەمەش یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانە کە بۆ خەڵکی کوردستان لە کەرکووک دروستبووە".
بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "لەلایەکی دیکە، لەلایەن خودی کوردستانییەکانیشەوە رێگرییەک هەیە لە هەڵواسینی پۆستەر و رەسم و وێنە و لۆگۆی ئەو حیزبانەی کە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر تێوەگلاون ، ئەمە بەڕوونی لە کەرکووک دەرکەوتووە ، دڵگرانی خەڵک لەو کەسانەی کە ئەو بارودۆخە نەخوازراوەیان بەسەر کەرکووکدا هێناوە".
سەبارەت بە چارەنووسی دەنگی پارتییەکان لە کەرکووک وکاریگەری ئەو بایکۆتەی کردوویانە، بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی 2014 بەقەد هەموو عەرەب کورسی هەبووە ، بە قەدەر هەموو تورکمان کورسی هەبووە ، پارتی دووەمین هێزی کوردی بووە لە کەرکووک ، بە دڵنیاییەوە بە ئەندازەی خۆی کاریگەری هەیە ، لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا حیزبێکە کە شکۆی هەرێمی کوردستانی پاراستووە ، شکۆی قەوارەی کوردستانی پاراستووە ، ئەمانەش هەمووی کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان گوێ لە ئێمە بگرن ، تەنیا ئومێدێکیش کە ماوەتەوە بۆ خەڵکی کوردستان لە کەرکووک ، پارتی دیموکراتی کوردستانە".
سەبارەت بەو دۆخەش کە کەرکووک تێی کەتووە ، هەلومەرجەکە بە زیانی کام لە حیزبەکان تەواو دەبێت؟ ، بە بڕوای محەممەد خورشید "ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە بە زیانی کوردستانیانی کەرکووکە ، پلانێکی جیدی هەیە بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە هەر حاڵەتێکدا بێننە خوارەوە ، پارتی نایەوێت بەشداریی پرۆسەیەک بکات کە ئاییندەکەی شکستە بۆ گەلی کوردستان ، ئێمە پێمانوایە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پیلانە قورسەکە ئەوەیە کە جارێکی دیکە رێژەی دەنگی کوردیش بێننە خوارەوە ، خودی یەکێتی نیشتمانی و لایەنەکانی دیکەش دەزانن ، کە ئەمجارە کورد ناتوانێت ئەوەی ئارەزوویەتی ئەوەی ئیستحقاقی خۆیەتی بەدەستی بهێنێت ، بەشدارنەبوون باشترین پەیامە بۆ ئەوەی رێگە بەو ناشەرعییەتە بگیرێت کە شتی زۆر بەسەر کورددا بسەپێنن ، بەشداربوون بەشێکە لەوکارەی کە دەیانەوێت ژمارەی کورسییەکانی کورد کەمبکرێتەوە ، واتە کورد لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر لەم هەڵبژاردنە جارێکی دیکە شکستی پێبدرێت ، لە پێناوی ئەوەی کە حیزبێکی سیاسی ناتوانێت بڕیاری دروستی خۆی بدات".
محەممەد خورشید باس لە هۆشداریی کادیرەکانی یەکێتی بە حیزبەکەیان دەکات و دەڵێت: "ئەوەی ئێمە ئاگادارین کادیرەکانی نێو لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئاستی کۆمیتە و مەڵبەندەکانیان داوایانکردووە یەکێتی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات ، چونکە دەزانن بە بایکۆت نەکردن شکست بە یەکێتی و بە کوردیش دەگات ، بەڵام دیارە تاوەکو ئێستا ئەو جەماعەتەی یەکێتی کە لە 16ی ئۆکتۆبەر تێوەگلاون نەیانتوانیوە بێنەوە هۆش و جوانتر و باشتر بیر بکەنەوە".
هەر لەبارەی چۆنیەتی بانگەشەی لایەنەکان لە کەرکووک ، بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک ، دەڵێ: "سەردانەکان نابێت بە کۆمەڵ بێت ، کۆبوونەوەکان دەبێت هەمووی بە مۆڵەت و شوێنی دیاریکراو بێت ، تەنانەت لە رەشیداوە جەماعەتی یەکێتی کە ویستبوویان دەنگ کۆ بکەنەوە چووبوون پەنایان بۆ یەکێک لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بردبوو کە ئێستا چۆڵکراوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ئەوێ خەڵک کۆبکەنەوە ، ئەوکاتیش رێگەیان پێنەدراوە ، هەموو ئەو حاڵەتانە هەیە ، نموونەیەکی زۆر سادە دەڵێم کە ئەمە لە کادیرەکانی یەکێتی قەوماوە ، پێرێ کادیرەکانی یەکێتی چوونەتە دەزگا سەربازییەکانی حکومەتی عێراقی و داوایانکردووە رێگایان پێبدرێت تەنها 3 دانە ئۆتۆمبێل بە یەکەوە بگەڕێن ، واتە تا ئەو راددەیە رێگری هەیە لەو کەسانەی کە بەشێک بوونە لە هێنانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک ، ئەمە ئەو ئازادیەیە کە ئێستا خەڵک لە کەرکووک باسی لێوە دەکات".
لەبارەی ئازادبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک محەممەد خورشید گوتی: "کوردستانیانی کەرکووک زۆر بەڕوونی ئەوە دەزانن کە هیچ ئازادییەک بۆ کورد لە بانگەشەی هەڵبژاردن نییە ، لەکاتی هەڵبژاردنیشدا هیچ ئازادییەک بۆ بەشداریی کورد نابێت ، فشارێکی زیاتریش دەخرێتە سەر کورد ، کورد تووشی شکستێکی گەورە دەبێت ، بۆیە ئێمە داوا لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان و خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو بەرە نیشتمانپەروەرە دەکەین ، کە ئێستا لە کەرکووک ماونەتەوە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن باشترین چارەسەر و پەیامە لە کەرکووک بیدەین بەڕووی ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا بە ئەقڵیەتی عەسکەرتاریەتی دەیانەوێت کەرکووک لە کوردستان جیا بکەنەوە ، باشترین پەیامیشە بۆ ئەو کەسانەی بە تایبەتی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر تێوەگلاون ، جارێکی دیکە بیر لەوە نەکەنەوە خیانەت لە میللەتی کورد بکەن".
rudaw -
