ناوی ده‌رچووان له‌ تیروپشكی حاجییان به‌شێوه‌ی بازرگانی بڵاوکرایەوە

ناوی ده‌رچووان له‌ تیروپشكی حاجییان به‌شێوه‌ی بازرگانی بڵاوکرایەوە
وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ناوی دەرچووانی لە تیروپشکی حاجیان بەشێوەی بازرگانی بڵاوکردەوە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان راگەیاند "رۆژی سێشەممە 17-4-2018، ناوی سەرجەم ئەو کەسانە بڵاوکرایەوە کە ناویان بۆ تیروپشکی حەجی بازرگانی نووسیبوو".

لەبارەی ناوی ئەو کەسانەی کە ناوی خۆیان بۆ حەجی بازرگانی نووسیبوو، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئەو کەسانە لەگەڵ حاجیانی دیکە سەفەری حەج دەکەن و لە 700 کەس کە ناویان بۆ حەجی بازرگانی نووسیبوو، 350 کەسیان ناویان هاتووەتەوە".

بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان ئەو کەسانەی حەجی بازرگانی ئەنجام دەدەن 8 هەزار دۆلاریان لێوەردەگیرێت و لە دوو رۆژی داهاتوو پارەکەیان لێوەردەگیرێت، دەشڵێت "داوامان لە دەستەی باڵای سعودیە کردووە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ فەریزەی حەج زیاد بکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا نرخی حەجی ئەمساڵی دیاریکردبوو، کە بڕی تێچووی حەجی ئەمساڵ بۆ هەر کەسێک (چوار هەزار و 100 دۆلارە).
rudaw -
Top