پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەست لەکار کێشانەوەی لە بزووتنەوەکە ڕاگەیاند

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەست لەکار کێشانەوەی لە بزووتنەوەکە ڕاگەیاند
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، بە فەرمی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە فراکسیۆن و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند.

مەسعود حەیدەر لە نامەیەکدا، نووسیویەتی: "دوای دیراسەکردنی چوار ساڵ کارکردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان و نەھج و سیاسەتی بزووتنەوەکە و دوای نۆ ساڵ خەباتکردن لەڕێگەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ میللەتەکەم، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە دەست لەکار بکێشمەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو حزب و وەکوو فراکسیۆن".

لە بەشێکی دیکەی نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی مەسعود حەیدەردا ھاتووە، ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان، وەکوو کوردێکی بێلایەن لە پەرلەماندا دەمێنێتەوە. دەشڵێت: ”ھۆکارەکان زۆرن بۆ گەیشتنم بەم قەناعەتە و لەکاتی گونجاو بۆ بەرێزتانی روون دەکەمەوە".

هەر لە نامەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەست لەکار کێشاوەی گۆڕان ئاشکرای کردووە، لەگەڵ ”هاوڕێ کوردەکانم لە پەرلەمان“، وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی، ”درێغیم نەکردووە و ئەوەی لەتوانام بووە ھەوڵم بۆی داوە بۆ بەرگری لە مافە دەستووری و یاساییەکانی کورد، ھەمیشە لە خەمی قووتی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بوومە و گوێم بە حزبایەتی و ململانێ سیاسییەکانی حزبە کوردییەکان نەداوە و زۆرجار تەفسیری ھەڵەی بۆ کراوە و دوور لە گشت ئاکارێک، تۆمەت و تەشھیرم ئاراستە کراوە“.








باسنیوز
Top