پەرلەمانتارێکی پارتی: لایەنەکان ڕێگری لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکەن

 پەرلەمانتارێکی پارتی: لایەنەکان ڕێگری لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکەن
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لایەنەکان لەبەر فشاری کادیرەکانیان، کە بە نایاسای مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، ڕێگری و بەربەست بۆ جێگیربوونی پرۆژەی چاکسازی دەکەن، لە کاتێکدا دەبێت بەرژەوەندیی میللەت پێش بەرژەوەندیی حزب بخرێت".

شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: "کە فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پرۆژە چاکسازییەکەی حکوومەت دەربڕیوە، ھەروەھا داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش کردووە، کە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان لە ماوەی ھەفتەیەکدا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە بە یاسا بکرێت، بەڵام تا ئێسا ھیچ شتێک لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە نەکراوە".

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ھیچ ڕێگرییەکی لایەنەکانی ناو پەرلەمان ھەیە، بۆ ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوە نائاساییە نەکرێت؟، پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "ھەست بە ڕێگری لە پێش جێگیرکردنی پرۆژە یاساکەدا دەکرێت، بە ڕوونی دیارە کە ئەو لایەنانە کێن، چونکە ئەو لایەنانە فشاری کادیرەکانیان لەسەرە کە بە نایاسایی لە حکوومەتەوە پارە وەردەگرن و خانەنشین کراون، ھەروەھا بە نایاسایی مووچەی حزب و کادیریش لە حکوومەت وەردەگرن، بۆیە لە ڕۆژانی داھاتووشدا دەردەکەوێت کە ئەو لایەنانە کێن".

ڕوونیشی کردەوە: "بەرژەوەندیی میللەت لە پێش بەرژەوەندیی حزبەوەیە و پێویستە بەرژەوەندیی خەڵک پێش ھەموو شتێک بخرێت ئەو لایەنانەی ناو پەرلەمان ترسی ئەوەیان ھەیە، ئەگەر مووچەکانی کادیرەکانیان کە بە نایاسایی لە حکوومەتیان وەرگرتووە، ببڕدرێت ئەوان دەنگیان پێ نەدەن".











باسنیوز
Top