دەیان هەزار پارچە زەوی بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدرێت

 دەیان هەزار پارچە زەوی بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدرێت
بەرەڤان حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان راگەیاند، بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە بە پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان.

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: “١٠ ھەزار و ٤٩ کەس فەرمانی پێشوویان ھەبوو بۆ وەرگرتنی زەوی، بەڵام زەوییان پێ نەدراوە، ئەوانە فەرمانەکانیان بۆ تازە کراوەتەوە، ھەروەھا ١١ ھەزار و ١٤٠ کەسیش فەرمانی تازەیان بۆ دەرچووە بۆ پێدانی زەوی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەزارەتی شارەوانی دەکەین بۆ دیاریکردنی زەوییەکان”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو ١١ ھەزار و ١٤٠ زەوییە، ٥ ھەزار و ٦٩ پارچەزەوی بۆ ڕاگیراوانی سیاسیی ڕزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفالە، ٣ ھەزار و ٣٩٨ پارچەزەوی بۆ شەھیدانی سەنگەری جینۆساید و ٢ ھەزار و ٦٧٤ پارچەزەویش بۆ زیندانیانی سیاسییە.

ئاشکراشی کرد، ھەر کات نەخشەی زەوییەکان لە وەزارەتی شارەوانی تەواو بێت، ئەو زەوییانە دەدرێتە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان روونی کردەوە، بۆ دابەشکردنی ئەو زەوییانە رێکاری دەرکردنی فەرمان لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە: «ئێمە چاوەڕوانی وەزارەتی شارەوانیین، تاوەکوو بەپێی شوێنی جوگرافی زەوی دیاری نەکرێت ئێمە ناتوانین دابەشیان بکەین، ئەوەی لەسەر ئێمەیە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و شارەوانییان بۆ وەربگرین، دوای ئەوە لە ھەر پارێزگا و قەزایەک زەوی ئامادە ھەبێت دابەش دەکرێت”.

حەمدی گوتیشی: «بەپێی ھەردوو یاسای ژمارە ٩ی ماف و ئیمتیازاتەکانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ژمارە ١١ی زیندانیانی سیاسی، وەزارەتی شەھیدان بەدواداچوون بۆ ئەم کەسانە دەکات کە زەوییان پێ دەدرێـت، چونکە نابێ تا ئێستا سوودمەند بووبن».

بەپێی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەھیدان زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەس وەکوو وارسی شەھید و ئەنفالکراو لای حکوومەت تۆمار کراون، بەشی زۆری ئەوانە بەتایبەت شەھیدانی سەنگەر و ئەنفالکراوەکان زەوییان لە لایەن حکوومەت پێ دراوە.

لە سەرێکی ترەوە بەرەڤان حەمدی ئاشکرای کرد: “بڕیار دەرچووە بۆ پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش، بەڵام بەھۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی ئەو یەکانە لە ئاو و کارەبا و رێگاوبان تەواو نەبووە، بۆیە پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەستی پێ نەکردووە”.

بە بڕیاری حکوومەت پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی بەبێ جیاوازیی شەھیدانی ئەنفال و شەھیدانی سەنگەر دەگرێتەوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی راگرتنی دابەشکردنی زەوی ئەو پڕۆسەیە وەستاوە.











باسنيوز
Top