بەوێنە.. مانگرتنی شارە سنوورییەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
بۆ جارێکی دیکە ئەمڕۆ سێشەممە خەڵکی چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر دۆخی شپرزەی ئابووری و داخرانی سنوورەکاندا، دووکان و بازارەکانیان داخست.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاسبکار و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ، سەقز و مەریوان ئەمڕۆ سێشەممە 2018/4/17 بۆ سێیەمین ڕۆژ، لە بەرانبەر داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکدا مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکان و بازارەکانیان داخستووە.
بەپێی وێنە و گرتە ڤیدیییەکان کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، جەماوەر و کاسبکار و کۆڵبەرانی ئەو شارانە لە هەڵوێستێکی "هێمایی"دا بە ڕاخستنی "سفرەی بەتاڵ" لەسەر شەقام و لەناو بازارەکان، دەنگی ناڕەزایی خۆیان لە بەرانبەر داخرانی خاڵە سنوورییەکان دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەکان، داخستنی دووکان بازار لەلایەن کاسبکاران و خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و بانە، مەریوان و سەقز، لە ئەنجامی ئەو دۆخە دژوارە ئابوورییەیە کە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمەش بۆ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانی شارە سنوورەکان دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی بژیو و داهاتی بەشێک لە خەڵک و دابینکەری کەلوپەلی ئەو بازار و دووکانانەیە کە بەم بۆنەوە هەزاران کەس بێکار بوون.
ژیانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شارە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ، پیرانشار، شنۆ بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕە سنوورییەکان و حکوومەتی ئێرانیش لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر لەسەر خەڵکی ئەم سنوورانەی داخستووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک و بە هەزاران کاسبکار و کرێکار و کۆڵبەر و دووکاندار بێکار بوون.
باسنيوز
