جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: پێمان باشە پێش هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان

 جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: پێمان باشە پێش هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارای هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە.



قارەمان شیخ کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و وەڵامی عێراق بۆ ئەو بابەتە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تا ئێستا حکوومەت و وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە، بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ بەشداری پێکردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە وەک وەزارەت پێمان باشە بگەڕێینەوە ئەو ناوچانە، چونکە لە دوای هاتنی سوپای عێراق، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆنترۆڵی ئەمنی ئەو ناوچانە خراپتر بووە".



جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاشکراشی کرد: "هەوڵەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردووە، ئەو کۆبوونەوەی کە ئەمریکییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ کەریم شنگالی کردیان، بەدڵنیاییەوە ئەمریکییەکان لەو بارەیەوە ئەو بابەتەیان لەگەڵ عێراق هێناوەتە بەرباس، بەڵام لە دوای ئەوە کۆبوونەوەیە تا ئێستا وەڵامێک لەلایەن هاوپەیمانان و عێراقەوە نەگەیشتووە کە بڵێن بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕازین، یان ڕازی نین".



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد: "پێیان باشە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پێش ئەنجامدانی ڕۆژانی هەڵبژاردنەکان بگەڕێنەوە، بۆ ناوچە کوردستانییەکان، چونکە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە باش نین".



ئاماژەی بەوەش کرد: "بەپێی زانیارییەکانمان زۆر جار هێرش دەکرێتە سەر گوندەکان و هەڕەشەیان لێ دەکرێت، لەو حاڵەتەشدا خەڵک ناتوانێت بێت و بە ئازادی دەنگ بدات، بۆیە ئەوەش دەبێتە هۆکارێک کە خەڵک بە گوێرەی پێویست نەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات".



باسنیوز
Top