لە هەولێر مێزگردی مێری بەڕێوەچوو
لە مێزگردەكەدا بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و ژمارەیەک لە شارەزایان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدار بوون، تیایدا ئاماژە بەوە كرا كە حەفت ھەزار و ١٨٨ کاندید رکابەرایەتی لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە بڕیارە لە ١٢ی ئایار ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
لەبارەی مێزگردەكەوە، دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" بۆ میدیاكان رایگەیاند "مێزگردەکە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنیە، بۆ ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان بۆ ھاندانی خەڵک بۆ دەنگدان هەیە، ھەروەھا دەرفەتێکیشە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وەکو پردی گەیاندنی پەیام ئەو پەیامانە بگەیەنن کە لە رووی تەکنکیکەوە دەنگدان و پڕۆسەکەی چۆن و لە رووی گرنگیشەوە دەنگدان چی گرنگییەکی ھەیە، ئەو دەنگ و دەسەڵاتەی ھەیە چەند گرنگە، بۆیە ھیوادارین ئەوەندە ھانی خەڵک بدەین بۆ ئەوەی دەنگ بدەین".
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین فاکتەر ھەن وایانکردووە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازی لە وانی رابردوو ھەبێت و لیست و فراکسیۆنەکان زیاتر بچووک بوونەتەوە و دابەش بوونێک لە نێوان ماڵی پێکھاتەکاندا دروست بووە.
دوێنێ ١٥ی نیسان بانگەشەی کاندید و قەوارە و لیستەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت دەستیپێکرد.
bas news-
