32 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هێمنی شاعیردا تێدەپەڕێت
ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕییە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھانە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی (1921ی زایینی) بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی (لاچین)ی سەر بە شاری مەھاباد لەدایک بووە.
ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستیدا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.
لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلفوبێ لای (سەعید ناکام) دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلفوبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی (حوسنی حوزنی موکریانی) بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لەبەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەوکاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.
لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ، ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ ئەوەڵین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشقبوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و راوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.
ھێمن کە یەکێک بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەورەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک وروونی بەیانی ژیانیدا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.
ژیانی سیاسی
ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمانە کە لە کۆمەڵەی ژ-کاف و کۆماری کوردستاندا وەکوو پێشمەرگەیەک خزمەتی بە نەتەوەکەی دەکرد و لە نێو تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە کە ھەر یەکەی ناوی نھێنیان ھەبوو، بە ھێمن ناسرا و ھەر وەکوو بۆخۆی دەڵێ:
شاعیری ھیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی ھەبووە کە ئەو ناوە دوورودرێژەی «سەید محەممەد ئەمینی شێخەلئیسلامی موکری» لە کۆڵ کردوومەتەوە.
لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی ھەتاوی لە شاری مەھاباد کۆمەڵەی ژ-کاف بە دەستی ڕەحمانی زەبیحی و چەند کەسی دیکە دادەمەزرێ. ھێمن دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و شەو ورۆژ لە بیری ئەوەدا دەبێ کە چی بۆ ئەو کۆمەڵەیە بکا کە کاری ڕزگاری کوردستانە، ھێمن لەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی ھەتاوی (کۆماری کوردستان) کە لە سەر بناغەی ژ-کاف، حیزبی دیموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتی قازی محەممەد دادەمەزرێ، ھێمن بۆ یەکەم جار لە مزگەوتی سووری مەھاباد لە بەرامبەر خەڵکدا شێعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە سکرتێری ھەیئەت رەئیسەی میللی دێموکرات و دوایە لە کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزبدا دەست بەکار دەکا. لەو کۆمارەدا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاری کردووە، لە گۆڤارەکانی ئەودەمی حیزب وەک کوردستان، ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شێعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە. لە کۆماری کورستاندا پێشەوا شانازی پێوە کردووە و رایگەیاندووە لەگەڵ مامۆستا هەژار شاعیری نەتەوەیین.
مامۆستا هێمن پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی هەندێ گرفتەوە واز لە چالاکیی سیاسی دێنێت و دەست دەکاتەوە بە چالاکیی فەرهەنگی ڕۆژنامەنووسی.
بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی ١٣٦٤ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری (سروە) لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێ: ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا.
بەرهەمەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:
دیوانی ھێمن
بارگەی یاران
تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
پاشەرۆک (شیعر و پەخشان)
توحفەی موزەففەرییە(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی)
شازادە و گەدا.
قەڵای دمدم.
ھەواری خاڵی.
چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی)
ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣
نمونەیەك لە ناڵەی جودای
ناڵەی جودای
چۆن نەناڵم ئەودڵەی پڕ هەستی من
چۆك لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من
چۆن نەناڵێم ئەو دڵە هەنگاوتەیە
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە
چۆن نەسوتێت ئەو دڵەی هین خەمە
ئەوپەپولەی وەك میوانی شەمە
چۆن نەناڵێم ئەو بزاڤەی بڕبەدڵ
دوور لە گوڵزارەو خەریقی ماتەمە
ژانی ناسورەی جودایم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هیشتووە
هەڵبڕاوام من لە یادی نازەنین
دەركراوم من لە خاكی دڵنشین
نمونەی ھۆنراوەی نەتەوەیی
کوردم ئەمن
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم
ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسن و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر ھەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نیە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن
کۆچی دوایی
ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕشدا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێکردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداقسوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.
باسنيوز
