گوتەبێژی دەستەی هۆزە عەرەبەكانی كەركووك: بارودۆخی كەركووك بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە
شێخ مەسروور ناجی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی كەركووك،ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك بارودۆخی ئێستای كەركووك بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە، لەبەر ئەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، دۆخی ئەمنیی كەركووك تێك چووە و ئەم هەڵبژاردنەش ئەگەر بكرێت، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی تر دەبێت، چونكە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا خەڵك دەچوو بە ئازادی دەنگی خۆی دەدا، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەوانەی كە بشچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ڕەنگە نەتوانن بە ئازادی خۆیان دەنگ بدەن".
گوتەبێژی دەستەی سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی كەركووك، ئەوەشی خستەڕوو: "دۆخی كەركووك ئێستا ناخۆشە لەلایەك هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لە دەوروبەری كەركووك و لەلایەكی ترەوە هەڵسوكەوتە خراپەكانی ئەو هێزانەی كە لەناو كەركووك دان، بۆیە و هاووڵاتییانی كەركووكیش لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین و بڕوایان بە كاندیدەكان نییە، چونكە زۆرینەی كاندیدەكان هەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەن كە چەند ساڵێكە لە بەغدان و هیچیان بۆ كەركووك نەكردووە، بۆیە بەشی زۆری هاووڵاتییان ناچنە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و متمانە نابەخشنەوە بەو كاندیدانە".
شێخ مەسروور ناجی كە هاوكات سەرۆكی هۆزی جبوورە لە كەركووك، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هێشتا بەشێك لە ئاوارەكانی كەركووك لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن، ئایا ئەوانە چۆن بتوانن دەنگ بدەن؟".
باسنیوز
