نەجیبە نەحیب: بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری ”کەسی و مەزاجی“ن

نەجیبە نەحیب: بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری ”کەسی و مەزاجی“ن
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەنێت، بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری ”کەسی و مەزاجی“ن و ھیچ گەرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نییە.



نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا گەیاند: "بەردەوامی مەترسی لەسەر ناردنی بڕی ٣١٧ ملیار و ٥٤٥ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ئارا دایە".



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستان، ”بڕیاری کەسی و مەزاجین و کار بە بنەما یاساییەکان ناکرێت، ھەر بۆیە بەپێی بەرژەوەندیی تایبەت و حزبی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".



ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد کە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە. گوتیشی: ”ھەر کاتێک بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ئەو گرووپە بێت کە دروستی کردووە، ئەوا لەسەری بەردەوام دەبێت، ھەر کاتێکیش بزانێت لە بەرژەوەندیی حزبەکەیدا نییە، لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە".



ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر چەندینجار پابەندبوونی خۆی بە دەستوور و یاسای عێراق نیشان داوە، بەڵام لەبەر نەبوونی ھیچ نیازێکی باش لەلایەن عێراقەوە، تاکوو ئێستا نەتواندراوە بەپێی بنەما یاساییەکان، ڕێککەوتنێک بکرێت".



پێشتر بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر مانگانە حکوومەتی عێراق بڕی ٣١٧ ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوا هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران بە پێی سیستەمی تازەی پاشەکەوتی مووچە دابەش دەکەن.


باسنیوز
Top