سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری سڕکردنی ئاڵا تاڵەبانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە

سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری سڕکردنی ئاڵا تاڵەبانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە


سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری سڕکردنی ئاڵا تاڵەبانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیش ڕای دەگەیەنێت کە تا کۆنگرەی حزبەکە، بڕیاری سڕکردنی ئەندامەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی بەردەوام دەبێت.



بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15/4/2018ی سەرکردایەتیی یەکێتی کە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، بڕیار دراوە، بە هۆی خۆکاندیدکردنی لە لیستێکی عەرەبیی عێراقی لە چوارچێوەی پارێزگای بەغدا، بڕیار دراوە سزای سڕکردنی ئاڵا تاڵەبانی جێبەجێ بکرێت.



لەمبارەیەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەیاند: "بڕیارمان دابوو ھەموو ئەو کەسانەی لە لیستێکی دیکەی غەیری لیستی یەکێتی و بەبێ ڕەزامەندیی یەکێتی، واتە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەک نەبووبێ لە نێوان یەکێتی و ھەر لایەنێکی سیاسیدا، خۆی کاندید کردبێ و بە ئارازووی خۆی چووبێت، ئەوە ئەگەر لە سەرکردایەتی بێ، تا کۆنگرە سڕ دەکرێ، ئەگەریش لە دەسەڵاتی مەکتەبی ڕێکخستن و مەکتەبی سیاسی بێت، ئەوا کۆتایی بە ئەندامێتییەکەی دەهێندرێت".



لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ ئاڵا تاڵەبانی سڕکراوە یان بڕیارەکە چۆن ئەوی گرتووەتەوە، سەعدی پیرە بە پەیامنێری گوت: "ناوی کەست لەمنەوە گوێ لێ نابێ، بەڵام ئەوەی لە سەرکردایەتی بێ، تا کۆنگرە سڕکراوە، بڕیارەکەش ئەمڕۆ لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتییەوە جێبەجێ کراوە".



پێشتر بەهۆی بانگەشەکردنیان بۆ لیستەکەی بەرهەم ساڵح، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و کادیرانی پێشکەوتووی یەکێتی لە ڕیزەکانی حزبەکە دەرکران و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ئاشکرای کرد کە جگە لە دەرکردنیان، مووچەیان لە یەکێتی دەبڕن و موڵک و ماڵی یەکێتییان لێ دەسەننەوە.



ئەمە لە کاتێکدایە کە چاودێران پێیانوایە یەکێتی درەنگ بڕیاری لە بارەی ئاڵا تاڵەبانییەوە داوە و پێشتر بە ئاشکرا ئەو ژنە پەرلەمانتارەی یەکێتی، دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستانی کردووە و خواستی کوردی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە ”پیلانگێڕی دژی عێراق“ وەسف کردووە. سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆژانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتییەوە، ئاڵا تاڵەبانی بە بەسەرکردنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە دژی پێشمەرگە وەستابوون، پشتیوانی لەو خیانەتە کردووە.
bas news-
Top