بەرپرسێکی یەکێتی: هۆکارەکانی کشانەوەم لە سەرۆکایەتیکردنی لیستی یەکێتی زۆرن

 بەرپرسێکی یەکێتی: هۆکارەکانی کشانەوەم لە سەرۆکایەتیکردنی لیستی یەکێتی زۆرن
سەرۆکی دەست لەکار کێشاوەی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، یاسا لە کەرکووک جێبەجێ نەکراوە و مەحاڵە کورد ئەمجارە بتوانێ لەو پارێزگایە کورسییەکانی پێشووی بێنێتەوە.

محەمەد عوسمان، سەرۆکی دەست لەکارکێشاوەی لیستی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: "بەھۆی پێشنیازی نێو ڕیزەکانی یەکێتی، بە باشم زانی خۆم بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید بکەم، ھەروەھا بە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە کەرکووک دیاری کرام، بەڵام دواتر بە باشم زانی لە سەرۆکایەتیکردنی لیستی یەکێتی بکشێمەوە، بۆ ئەوەی کەسانی دیکە بێنە پێشەوە".

ئەوەشی نەشاردەوە کە تەنیا وازی لە سەرۆکایەتیی لیستەکەی یەکێتی لە کەرکووک ھێناوە و وازی لە ڕیزەکانی حزبەکەی بە تەواوی نەهێناوە. گوتیشی: ”ھیچ کێشەیەکی وەھام لەناو حزبەکەم بۆ دروست نەبووە، بەڵام ھۆکارەکانی دەست لەکار کێشانەوەکە زۆرن، بێگومان ھەندێک شتیش ھەیە کە ئێستا کاتی نییە، ڕەنگە نەتوانم لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە باسیان بکەم، ڕۆژگار ھۆکاری وازھێنانم لە سەرۆکایەتیکردنی لیستی یەکێتی ئاشکرا دەکات".

محەمەد عوسمان، باسی لەوەش کرد: "بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا کراوە، چونکە پێشتر لە کەرکووک دەستوور جێبەجێ کراوە، بۆ نموونە، لیستی یەکەم کە کورد بووە، پارێزگاری وەرگرتووە، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەستوور جێبەجێ نەکراوە، بۆیە باوەڕ ناکەم ئەمجارە کورد لە کەرکووک کورسییەکانی پێشووی بھێنێتەوە".

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.











باسنیوز
Top