یەکێتی لەلایەن گۆڕانەوە بە پەکخستنی پڕۆژەیاسای چاکسازیی مووچە تۆمەتبار دەکرێ

 یەکێتی لەلایەن گۆڕانەوە بە پەکخستنی پڕۆژەیاسای چاکسازیی مووچە تۆمەتبار دەکرێ
بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی لایەنگرانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پەکخستنی دەرکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی تۆمەتبار دەکات، سەرکردەیەکی یەکێتیش ڕەتی دەکاتەوە و داوا لە گۆڕان دەکات، ”موزایەدەی سیاسی“یان بەسەرەوە نەکەن.

پێگە و هەژمارەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهۆی ئەوەی یاسای چاکسازیی مووچە و خانەنشینی، دەبێتە هۆی بڕینی مووچەی دەیان هەزار کادیر و ئەندامی یەکێتی، فراکسیۆنی یەکێتی دژی دەرکردنی یاسای چاکسازییە.

لە بەرامبەردا ئاسۆس عەلی، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھیچ کات یەکێتی ھۆکاری ئەوە نەبووە کە پڕۆژە یاسای چاکسازی تێپەڕێندرێت، بەپێچەوانەوە ئەو پڕۆژانەی کە پێیان دەگوترێت پڕۆژە یاسای چاکسازی لەنێو پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، یەکێتی خاوەنی بووە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە، بەپێی بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەی، لە ھەر کۆبوونەویەکدا پێویست بووبێت کە حکوومەت تێیدا بەشدار بێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا جێگری سەرۆکی حکوومەت بەشداری کردووە. بۆیە پێیوایە “تیمی یەکێتی دەتوانێ چاکسازی بکات، نەوەکوو خەڵکی دیکە بێت و موزایەدەمان بەسەرەوە بکات".

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی یەکێتی هیوای خواست، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن گۆڕانەوە ئاراستەی حزبەکەی دەکرێن، بەشێک نەبن لە بانگەشەی هەڵبژاردن و تۆمەتبەخشینەوە بۆ ئەو مەبەستە.

ئاسۆس عەلی هۆشداری بە لایەنەکان دا و ڕای گەیاند: “ھەر ھێزێکی سیاسی ھیواکانی بەوە ھەڵچنیبێت کە دژایەتیی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکات، ھیچ پڕۆژەیەکی چاکسازی و بەرنامەیەکی سیاسی پێ نییە، تەنھا ئامانجی ئەوەیە دژایەتیی لایەنێک بکات".

ڕەتیشی کردەوە کە حزبەکەی خۆی بە ھیچ لایەنێکی سیاسی هەڵواسیبێت، گوتیشی: “ھەرچەندە گۆڕان و یەکێتیی دوو ھێزی مونافیسی یەکترن، بەڵام یەکێتی بە بزووتنەوەی گۆڕان ناشیرین نابێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاشکرای کردبوو، پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ یەکێتی “کارەساتە”، چونکە دەبێتە هۆی بڕینی مووچەی کادیرانی حزبەکەی کە لە ماوەی ڕابردوودا زۆرینەی هەرە زۆریان خانەنشین کراون.












باسنیوز
Top