ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی ـ ھەڵەبجەی پارتی پەیامێک ئاراستەی کادیرانی دەکات
هەر لەو بەیاننامەیەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتیدا ھاتووە: ”داواکارین لە سەرجەم بەربژێرەکانمان لە سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان، پابەند بن بە یاسا و ڕێساکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و ئەو ڕاسپاردانەی کە لە دەزگا تایبەتمەندەکانەوە سەبارەت بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەردەچن".
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە لقەکانی (٤، ١١، ١٢ و ٢١) و بەرپرسانی سەرجەم ئۆرگانەکان و کادیر و ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانیان و سەرجەم کاندیدەکانیان لە سنوورەکە ئاگادار دەکەنەوە، خۆیان لە ئاھەنگگێڕان و کەژاوەی ئۆتۆمبێل لە شەقام و شوێنە گششتییەکان بپارێزن.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (سلێمانی ـ ھەڵەبجە) پ.د.ک:
لە سۆنگەی باوەڕ بەخۆبوون و لەچوارچێوەی ڕێکارە دیموکراسی و مەدەنییەکاندا و بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتیان، ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکەین و ئاگاداری لقەکانی ( ٤ ، ١١، ١٢، ٢١) و بەرپرسانی سەرجەم ئۆرگانەکان و کادر و ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانمان، ھەروەھا سەرجەم کاندیدەکانی لیستی ( ١٨٤) ی پارتیمان لە سنووری چالاکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان دەکەین کە:
١- خۆیان بەدوور بگرن لە ئاھەنگگێڕان و کەژاوەی ئۆتۆموبیل لە شەقام و شوینە گششتییەکان، بۆ ئەوەی لەم بارودۆخەدا بارگرانی لەسەر دەروونی خەڵک و جەنجاڵیی ڕێگاوبان و ھاتوچۆ دروست نەکەین، بەڵکو بەمەبەستی دەستکەوتی زیاتر و لە پێگەی بەرزی نەتەوەیی و میژووییەوە، ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەڕێوە دەبەین و، خۆمان لە گرژی و وتاری زبر و ئاڵۆزی میدیایی دەپارێزین .
٢- داواکارین لەسەرجەم بەربژێرەکانمان لەسنوری ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان کە پابەند بن بە یاساو ڕێساکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و، ئەو ڕاسپاردانەی کەلەدەزگا تایبەتمەندەکانەوە سەبارەت بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن دەردەچن .
پێویستە ھەموو لایەک پابەندبن و پشت بەخواو ئیرادەی دەنگدەرانمان سەرکەوتن بۆ لیستی ( ١٨٤) پارتیمان دەبێت.
(ئەدھەم بارزانی) سەرۆکی ئەنجومەن
١٥-٤-٢٠١٨
باسنیوز
