سەعدی پیرە: تا كۆنگره‌ی یه‌كێتى ئاڵا تاڵەبانی سڕ دەکرێت

 سەعدی پیرە: تا كۆنگره‌ی یه‌كێتى ئاڵا تاڵەبانی سڕ دەکرێت
گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی ڕای دەگەیەنێت، هاوشێوەی ئەو ئەندامانەی بەهۆی چوونیان بۆ ناو قەوارەیەکی دیکە کە دەرکراون لە ناو یەکێتییدا، ئالا تاڵەبانیش کارەکانی لەناو یەکێتیی، تا به‌ستنى کۆنگرە سڕ دەکرێت.

سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی لەبارەی دەرکردنی ئەو بڕیارەی کە بەهۆیەوە چەند ئەندامێکی پلەدارای یەکێتیی لە ناو ئۆرگانەکانی حزبەکەی دەرکران ڕایگەیاند: ”بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی پێشتری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی دراوە، ئەو کەسانەی پلە و پایەیان لە ناو دامەزراوەکانی حزب و حکوومەت لەسەر حسابی یەکێتیی هەیە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر قەوارەیەکی دیکە خۆیان کاندید کردووە، ئەوا کۆتایی بە ئەندامێتییان لە ناو یەکێتییدا دێت، چونکە نابێ بە ئیمکانییەتی یەکێتیی کاندیدی قەوارەیەکی دیکە بن“.

ڕوونیشی کردەوە، کە مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی فەرمانی بە کۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی ئەوانە هیناوە کە ناوەکانیان بڵاو کراوەتەوە، جگە لەوەش ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مەکتەبی ڕێکخستنن ده‌سته‌یه‌ك لەناو مەکتەبی سیاسییان بۆ دارنراوە و کۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانیش دێ، ئەو کەسانەی ئەندامی سەرکردایەتیشن چالاکی و کارەکانیان تا کۆنگرە سڕ دەکرێت: "له‌ كۆنگره‌ بڕیاری لەسەر دەدرێت".

گوتەبێژەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی بەسەر (ئاڵا تاڵەبانی) لەبەر خۆ کاندیدکردنی لە قەوارەیەکی عەرەبی دا، گوتی: ”ئاڵا تاڵه‌بانی تا بەستنی کۆنگرەی یه‌كێـى سڕ دەکرێت، چونکە کۆنگرە ئەوی هەڵبژاردووە و ئەبێ ئەویش ئەندامێتی لێ وەربگرێتەوە“.

باسى له‌وه‌ش كرد، كه‌ فشارێکی زۆر لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتیی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ماڵ و موڵکی یەکێتیی لەو کەسانەی کە چوونەتە ناو لیستێکی دیکە ، ئەم بابەتەش بە قسەیەک و بڕیارێک کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو دەبێ کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت، ”بەدڵنیاییەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەوێ بۆ هەر کەس و بابەتێك“.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ئەوەشی خستەڕوو، کە: "ناکرێ هەر کەسی سڵاوی لە بەرهەم، یا شاسوار، یا عومەری سەید عەلی یا پارتی کرد، بڵێین ”فڵان حزبە“، نەخێر، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، بزانین لە یەکێتی نەترازاوە ئەوا لە کارەکانی بەردەوام دەبێ، ئەگەر ترازابێت بابەتێکی دیکەیە".












باسنیوز
Top