كرمانج عەبدوڵڵا: زیاتر لە 10 بارەگامان لە نێو مەخموور و شوێنەكانی دیكە داگیر كراون

كرمانج عەبدوڵڵا: زیاتر لە 10 بارەگامان لە نێو مەخموور و شوێنەكانی دیكە داگیر كراون
بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێككەوتنی سیاسی هەبێت دەگەڕێینەوە مەخموور، كە ئێستا زیاتر لە 10 بارەگامان لە لایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانەوە داگیر كراون، لەگەڵ ئەوەی وەكو پارتی ئامادەین بەشداری لە هەڵبژاردن بكەین، كۆبوونەوەمان كردووە و خۆمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە كردووە و بەرنامەیەكی باشیشمان بۆ هەڵبژاردن داناوە، لەو شوێنانەی كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەین، بۆیە چاوەڕوانی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەین.

ڕەوشی مەخموور دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بەشێكی ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكاندایە و بەشێكیشی هێزی پێشمەرگە دەیپارێزیت.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەگەر ڕێككەوتنی سیاسی هەبێت، دەگەڕێینەوە مەخموور، بەڵام دوای لێكتێگەیشتنی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەر دوولادا، ئەو كات دەتوانین بە ئازادانە بارەگاكانی خۆمان بكەینەوە، كە ئێستا زیاتر لە 10 بارەگامان لە لایەن حەشد و هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە داگیر كراون، ئەگەرنا ئەوانەی كە ئێستا لەوێن لەگەڵ ڕێزم هەندێك هەر دەستبەسەرن، كاری حزبی ئازادانەیە، ئەوان ناتوانن ئەوە بكەن، بارەگا بۆ ئەوەیە كە كاری ئازادانە بكەی لە ناو جەماوەری خۆت، ئەگەر دەستبەسەر بووی، كارت چییە، بۆیە ئەوە تێڕوانینی پارتییە."

بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی ئاشكرایشی كرد: "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، ئەو كاتەی مەخموور لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوو، ئازادی هەبوو، خەڵك دەیتوانی بە ئاسانی و ئازادی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدان بكات، بەڵام ئێستا لەو ناوچانەی مەخموور كە حەشد و پۆلیسی فیدڕاڵییان تێدایە، ئەوە وەك جاری پێشوو خەڵك ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، وەكو پارتی ئامادەین بەشداری لە پڕۆسەكەدا بكەین، كۆبوونەوەمان كردووە و خۆمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە كردووە و بەرنامەیەكی باشیشمان بۆ هەڵبژاردن داناوە، لەو شوێنانەی كە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەین، بۆیە چاوەڕوانی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەین".
kdp-
Top